کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەوابوونی ئاوی پاشەکەوتکراوی هەزار ساڵ لە ماوەی سێ دەیەدا

17:17 - 3 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕ، ڕۆژنامەی شەرق وردەکاریی قسەکانی محەمەد دەرویشی چالاکوان و توێژەری ژینگەیی لەسەر تەوەری لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕووچوونی زەوی بڵاو کردەوە.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژە بە زێدەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی کرد و ئێرانی بە وڵاتێک ناو برد کە بەدەست کەمیی ئاوەوە دەناڵێنێت و زۆرترین ڕێژەی ڕووچوونی زەویی هەیە، بەڵام هێشتا بە هەناردەکردنی ئاو و بەرهەمی کشتوکاڵی و شیرەمەنی، پارە و سامان بەرهەم دەهێنێت.

ناوبراو لەبارەی دۆخی نالەباری ژینگەی ئێران لە بوارە جیاجیاکانی وەک ڕۆچوونی زەوی، وشکبوونەوەی ئاوی ژێرزەوینی، بڕینی دار و پیسبوونی هەوا هۆشداری دا و باسی لەوە کرد کە ئاوی پاشکەوتکراوی هەزار ساڵەی ئێران لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بەکار هێنراوە.

دەرویشی بارودۆخی ئێستای ئێرانی بە زۆر مەترسیدار وەسف کرد و وتی: زۆرینەی ئەو ٢٥٠ میلیارد مەتری سێجێ ئاوەی ژێرزەوینی کە هەمانە  پێشبینی دەکەین لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بەکارمان هێنابێ.

ناوبراو ئامارێکی سەبارەت بە قەیرانی ڕۆچوونی زەوی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە ڕێژەی ڕۆچوونی خاک لە ئێراندا هەشت هێندەی تێکڕای جیهانییە.

بە وتەی دەرویشی، ئێران ساڵانە ٥٦ میلیارد دۆلار بەهای خاکەکەی لەدەست دەدات، بەڵام هێشتا زۆربەی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە قەیرانی ژینگەیی و ڕۆچوونی زەویی ئەو وڵاتە دەکەن لەلایەن حکوومەتەوە بە نهێنی دادەنرێت.

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ئاڵمان بە بەشداریی توێژەرانی ئێرانی ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە لانیکەم ٥٧ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی ئێران لە ساڵێکدا زیاتر لە یەک سانت داتەپین بەخۆیەوە دەبینێت و ئەگەر ئەو ڕێژەیە بگاتە ٤ سانت لە ساڵدا دۆخەکە قەیراناوی و مەترسیدار دەبێ.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی زەوینناسیی ئێران، بەشێک لە ئێران لە ساڵێکدا زیاتر لە دوو سانت داتەپین بەخۆیەوە دەبینی کە ڕووبەرەکەی دەگاتە زیاتر لە ٥٠ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە.