کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکاریی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە بەشداریکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا

17:19 - 3 پووشپەڕ 2724

هەواڵدەریی ئیسنای ڕێژیم لە هەواڵێکدا سەبارەت بە بەشداریکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا و بەپشتبەستن بە وتەکانی بەرپرسی ستادی هەڵبژاردنەکان لە کرماشان، باسی لە بەرزبوونی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک بەپێی ڕاپرسییەکان کردووە.

ئیسنا لە زاری عەلی شەعبانییەوە هێناویەتی کە بەپێی ڕاپرسییەکان ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە بەرزبوونەوەدایە و حەفتەیەکی بەگوڕی هەلبژاردنمان دەبێت.

شەعبانی بە ئاماژەدان بەوەی کە ٦ بەربژێر لە بەرە جیاوازەکان قەبووڵی سەڵاحییەت کراون ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا کەشێکی باشی ڕکابەری لە کۆمەڵگەدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان دروست بووە و بەپێی ڕاپرسییەکان ڕێژەی بەشداریکردنەکان بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت.

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕیژیم لە کرماشان لەکاتێکدایە کە هەر بەپێی ئەو ڕاپرسییانە دەردەکەوێت کە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک زۆر لە ئاستێکی نزمدا دەبێت و خەڵک لە بێهەڵوێستییەکی تەواودا بەنیسبەتی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بەسەر دەبەن.

لەم پێوەندییەدا و بەپێی دوایی ڕاپرسیی دامەزراوەی گەمان ٦٥ لەسەدی ئەو کەسانەی کە لە ڕاپرسییەکەی ئەم دامەزراوەیەدا بەشدارییان کردووە ڕایانگەیاندووە کە بەشداری شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم نابن.

گەمان ڕایگەیاندبوو کە ڕاپرسییەکەی ٩٠ لەسەدی دانیشتووانی ئێران لەخۆ دەگرێت و تەنیا ٢٢ لەسەدی ئەم کەسانە دەیانهەوێت کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن و ١٢ لەسەدیش تاکوو ئێستا بڕیاری کۆتاییان نەداوە.

 

 

ئەم دامەزراوە لە بەشێک لە ڕاپۆرتی ڕاپرسییەکەدا باسی لەوە کردووە کە ٦٧ لەسەدی ئەو کەسانەی وا نایانهەوێت لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن ڕایانگەیاندووە کە، هۆکاری بەشدارینەکردنیان دژایەتی و نەویستیی کۆماری ئیسلامییە و نایانهەوێت کە ڕەوایی بەم دەسەڵاتە بدەن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە عەلی شەعبانی بەرپرسی ستادی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە کرماشان لە درێژەی قسەکانی سەبارەت بە ئاکامی ڕاپرسییەکان ڕایگەیاندبوو کە هەر دەنگێک لەڕاستیدا دەنگێکە بە کۆماری ئیسلامی و هەر بەم بۆنەوە ڕێژەی دەنگدەران زیاتر دەبێت.

جێی ئاماژەیە کە جگە لە ڕاپرسییەکەی دامەزراوەی گەمان، زانیارییەکانی ڕێکخراو و دامەزراوە سەربەخۆکانی دیکەی نێوخۆی ئێرانیش باس لە نزمبوونی ئاستی بەشداریکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەکەن.