کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی ١٧١ هاووڵاتیی بەلووچ لە ئێران لە ساڵی ١٤٠٢

10:42 - 14 جۆزەردان 2724

ماڵپەڕی حاڵ وەش لە ڕاپۆرتی ساڵی ١٤٠٢ی خۆیدا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤی هاووڵاتییانی بەلووچ لە ئێران نووسیویەتی کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ڕابردوودا ١٧١ هاووڵاتیی بەلووچی لە سێدارە داوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کە ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی جۆزەردان بڵاو کراوەتەوە، ١٣٣ کەس لەو کەسانە واتە ٧٧ لەسەد بە تاوانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ٢ لەسەد بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی و ١٩ لەسەدیش بە تۆمەتی جۆراجۆری دیکە لەسێدارە دراون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٣دا سەبارەت بە ئێران هۆشداری دا کە کۆماری ئیسلامی هەروا لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی نەیاران، ناڕازییان و کەمینە نەتەوەییەکان کەڵک وەردەگرێت.

لێبوردنی نێونەتەوەیی زیادی کرد: ژمارەی ئێعدامەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ئێران بەراورد بە ساڵی پێشوو زیادی کردووە و سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.

حاڵ وەش هەروەها باسی لە گیانلەداستدانی ٣٣٤ هاووڵاتیی بەلووچ لە ساڵی ١٤٠٢ لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان کەسانی چەکداری نەناسراو کردووە  و ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ساڵی ڕابردووشدا ٣٦٦ سوتەمەنیبەری بەلووچ کوژراون.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەو ماڵپەڕە هاتووە کە ساڵی ڕابردوو ٢٧٣ هاووڵاتی بەلووچ لە ئێران دەسبەسەر کراون.

ئەم ماڵپەڕە جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی بێبەشبوونی مێژوویی بەلووچستان و ژێرخانی لاواز، ئەو ئامارانەی لە ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی هاووڵاتییانی بەلووچ لە ساڵی ١٤٠٢دا خراوەتەڕوو، تەنیا تایبەت بە حاڵەتە بەڵگەدارەکانە، و ئامارە ڕاستەقینەکان دەتوانن زۆر زیاتر لەم ڕێژەیە بێت.