کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی چالاکانی مەدەنی و بنەماڵە مافخوازەکان لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردن

10:48 - 4 پووشپەڕ 2724

ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و بنەماڵە مافخوازەکان لە چەندین پەیامدا جەختیان لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران کردەوە، ئەوان ڕایانگەیاند کە کوورەی شانۆی هەڵبژاردن بە پڕوپاگەندە گەرم ناکرێتەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە سەرەڕای بوونی کۆماری ئیسلامی دواڕۆژێک بۆ ئێران نامێنێت.

سێپیدە ڕەشنو، نووسەر و چالاکی مەدەنیی دژ بە حیجابی زۆرەملێ، لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: ''بۆ ئێران لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هیچ داهاتوویەک نییە. گۆڕانکاری هەمیشە لەگەڵ ئیرادە و بەرگریی خەڵکدا بووە".

سێپیدە ڕەشنۆ باسی لەوە کردووە کە بە هاتنەسەرکاری هەر بەربژێرێک فیشەک لە دژی خەڵک لە چەکەکاندا دەمێنێتەوە.

گوڵجیهان ئەشرەف پوور، دایکی ئەکبەر محەممەدی، چالاکی خوێندکاری کە لە زینداندا گیانی لەدەست دا، لە پەیامێکدا داوای لە خەڵک کردووە بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردندا نەکەن و لە ماڵەکانیان دابنیشن.

ئاتەش شاکەرەمی، پووری نیکا شاکەرەمى، لاوی ناڕازى کە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرا، پۆستێکى بڵاو کردەوە و جەختى لەوە کردەوە کە تەندووری شانۆی هەڵبژاردن بە ڕێکلام گەرم ناکرێتەوە، خەڵک سووتەمەنی ئەم تەندوورە نییە. دەستی هەر هێزەکی ڕێژیم تا ئەژنۆ لە خوێنی منداڵی ئەو خەڵکەدایە.

هەروەها مەولەوی عەبدوڵڵا کورد، پێشنوێژی هەینیی شارستانی مێهرستان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ئاماژەی بە هەڵاواردنەکان بەرامبەر بە خەڵکی بەلووچ و پێکهاتەی سوننە مەزهەبەکان کرد و ڕایگەیاند کە بەشداری لە هەڵبژارنەکاندا ناکەین.

لەو پێوەندییەدا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زۆرێک لە خوێندکاران، ڕۆشنبیران، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و زیندانییانی سیاسی لە ئێران نامەیان نووسیوە و بەیاننامەی جۆراوجۆریان واژۆ کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە خۆیان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بپارێزن.