کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی تلگراف: حیزبوڵڵا چەک و تەقەمەنی دروستکراوی ئێران لە فڕۆکەخانەی بەیرووت هەڵگرتووە

10:55 - 4 پووشپەڕ 2724

ڕۆژنامەی تلگرافی بەریتانی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانی خۆی لە فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیرووت ڕایگەیاند کە حیزبوڵڵا بڕێکی زۆر چەک و مووشەک و تەقەمەنیی دروستکراوی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی مەدەنی بەیرووت هەڵگرتووە.

تلگراف بە ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە باسی لەوە کردووە کە ئەو چەکانە بریتین لە مووشەکی تۆپخانەی بێ ڕێنما کە لەلایەن ئێرانەوە دروست کراوە، مووشەکی کورت مەودای فاتح-١١٠، مووشەکی ئێم ٦٠٠، مووشەکی کورت مەودای بورکان و چەک و تەقەمەنی دیکە.

لەم ڕاپۆرتەدا جەخت لەوە کراوە کە ئەو کەسانەی کە زانیارییەکانیان داوە نیگەرانن لەوەی کە لەگەڵ زیادبوونی گرژیی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل، فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری کە تەنها نزیکەی ٦.٥ کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەوە دوورە، ببێتە ئامانجی سەرەکیی فڕۆکە سەربازییەکان.

کرێکارێکی فڕۆکەخانە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی تلگرافی ڕاگەیاندووە، بە گەشتە ڕاستەوخۆکان لە ئێرانەوە سندووقی گەورەی گوماناوی دەگەنە ئێرە کە بە وتەی خۆی نیشانەی خراپتربوونی بارودۆخەکەیە.

بە پێی ڕۆژنامەی تلگراف، ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە: ستراتێژیی حیزبوڵڵا بۆ شاردنەوەی چەک و ئۆپەڕاسیۆنەکان لە شوێنە مەدەنییەکان دەگەڕێتەوە بۆ مەبەستی ڕاکێشانی سوپای ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی ئەو ناوچە مەدەنیانە لەکاتی پەرەسەندنی گرژییەکاندا.

هەروەها ئیسرائیل دەڵێت ئەگەر حیزبوڵڵا هاووڵاتییانی مەدەنیی ئیسرائیلی بکاتە ئامانج، ئەوا ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی دیکەی نابێت جگە لە وڵامدانەوە.

پێشترش حیزبوڵڵا بە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی مەدەنی ڕەفیق حەریری بۆ هەڵگرتنی چەک تۆمەتبار کرابوو، بەڵام ئەو کەسەی کە زانیارییەکانی داوە وتوویەتی کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکانی حیزبوڵڵا و هێرشی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، کۆگاکردن و هەڵگرتنی چەک لەو شوێنە زیادی کردووە.