کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانییەکانی ڕێژیم لە بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان

11:00 - 4 پووشپەڕ 2724

بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی نزیک لە ڕێژیمەوە هەندێک لە بەرپرسان و کەسایەتییەکانی ڕێژیم، نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە.

بەپێی ئاکامی ڕاپرسییەکانی دامەزراوەی هەڵسەنگاندنی بیروبۆچوونی توێژینەوەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، ڕێژەی بەشداریکردنی مسۆگەرکراوی خەڵک لە ٥٣ لەسەدەوە بۆ ٤٥ لەسەد لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا دابەزیوە.

پێشتریش ناوەندی هەڵسەنگاندنی بیروبۆچوونی خوێندکارانی ئێران لە ڕاپرسییەکی هاوشێوەدا، ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردان ڕایگەیاندبوو کە بەشداریکردنی مسۆگەرکراو لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا لە ٤٤ لەسەدەوە بۆ ٤٢ لەسەد دابەزیوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی فەرهیختگان ڕۆژی یەکشەممە ٣ی پووشپەڕ بەپێی ڕاپرسییەک کە ئاماژەیەک بە سەرچاوەکەی نەکراوە ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک بۆ ژێر ٥٠ لەسەد دابەزیوە.

فەرهیختگان لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە هۆکاری ئەم دابەزینە ڕکابەرییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی بەربژێران بووە و پێش ئەوەی کە ڕکابەرییەکان دەست پێ بکات، ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک نزیک بە ٥٥ لەسەد بووە.

لەم پێوەندییەدا موحسێن هاشمی بەرپرسی پێشووی شۆرای شاری تاران و سەر بە بەرەی ئیسڵاح تەڵەب لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر وێڕای ڕەخنەگرتن لە شێوازی بەڕێوەچوونی وتووێژە تلویزیۆنییەکانی بەربژێران ڕایگەیاندووە کە، وتووێژەکان نەیانتوانیووە ڕای گشتیی خەڵک بەرەو بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان ڕاکێشن و کاریگەرییان نەبووە.

جیا لەوەی کە ڕاپرسییەکانی خودی ڕێژیم بە ئەگەری چەواشەکاریشەوە باس لە کەمبوونی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان دەکات، دامەزراوەی گەمان بەپێی دوایین ڕاپرسیی لە سەر بەشداریکردنی خەڵک، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە ٦٥ لەسەدی خەڵک لەم شانۆدا بەشداری ناکەن و ڕێژەی ئەو کەسانەی کە بەشێوەی لێبڕاوانە بەشداریی دەکەن تەنیا ٢٢لەسەدە و نزیک بە ١٣ لەسەدیش تاکوو ئێستا بڕیاری کۆتاییان نەداوە.