کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە دەسبەسەرکراوانی بزوتنەوەی ژینا: دەنگی ئێمە تەنیا ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە

11:23 - 4 پووشپەڕ 2724

١٤ کەس لە دەسبەسەرکراوان و بریندارانی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی لە پێوەندی لەگەڵ بایکۆتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی لە ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە ڕایانگەیاندووە دەنگی ئێمە بۆ بایکۆتی چالاکانە و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە.

ئەو ١٤ کەسە لە بەیاننامەی خۆیاندا نووسیویانە: ئەمە ڕاستییەکی ڕوونە کە لە ماوەی تەمەنی ئەم ڕیژیمە سەرکوتکەرەدا هەڵبژاردن هیچ مانایەکی نەبووە و ئەوەی ڕووی داوە دەستنیشانکردنێک بۆ گواستنەوەی دەسەڵات و تاڵانکردن لەنێوان خۆیاندا بووە.''

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، ئەوەی خەڵک لەم دەیان ساڵەدا ئەزموونی کردووە، گەندەڵی، سەرکوت، هەڵاواردن، ستەم، هەژاری، نەهامەتی، مەرگ و جینایەت بووە و نمایشی گاڵتەجاڕانەی هەڵبژاردنەکانیان جگە لە مۆرکی پەسەندکردن لەسەر ئەم سیستمە ستەمکارە هیچی تر نەبوو. بۆیە ئێمە کۆمەڵێک کەسی بریندار و دەسبەسەرکراوی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لەگەڵ زۆرینەی خەڵک و هەموو تێکۆشەرانی ئازادی و یەکسانی، چالاکانە بایکۆتی ئەم بەناو هەڵبژاردنانە دەکەین.

لە درێژەدا وتوویانە، مەبەستمان لە بایکۆتی چالاک ئەوەیە کە ئێمە نەک هەر بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەم حکومەتە ناکەین، بەڵکوو چالاکانە دژی ئەم سیستمە تاوانکارییە کاردەکەین و دەمانەوێت بەشێوەی شۆڕشگێڕانە ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێراندا بڕوخێنرێت و لەو ڕێگەیەدا لە هیچ هەوڵێک درێغ ناکەین.

هەروەها لە کۆتاییدا وتوویانە، لە ڕوانگەی ئێمەوە هەر بەشداریکردنێک لەم بەناوهەڵبژاردنە گاڵتەجاڕ و موهەندیسی کراوەدا بە واتای مۆرکی ڕەزامەندی لەسەر تاوان و دەستتێدابوون لەگەڵ بکوژانی منداڵەکانمانەوە دێت.