کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئۆکراین بۆ سەر کۆگایەکی دڕۆنی شاهێدی ١٣٦ لە ڕووسیە

12:24 - 4 پووشپەڕ 2724

ئەرتەشی ئۆکراین ڕۆژی یەکشەممە ٣ی پووشپەڕ ڕایگەیاندووە کە لە هێرشێکدا بۆ سەر ناوچەی کراسنۆداری ڕووسیە بنکەیەکی کردووەتە ئامانج کە کۆگای دڕۆنە ئێرانییەکان لە جۆری شاهێدی ١٣٦ بوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەرتەشی ئۆکراین ژمارەیەک لە ڕاهێنەران و سەربازانی ڕووسیە کە خەریکی تاقیکردنەوە و کارکردن لەسەر بەکارهێنانی ئەم دڕۆنانە بوون لەم هێرشەدا کوژراون.

ڕووسیە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە تەنیا چەند دڕۆنێکی ئۆکراین لەو ناوچەیەدا لەلایەن سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی رووسیەوە خراونەتە خوارەوە.

پێشتر چەند ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بیستنی دەنگێکی بەهێز لەو ناوچەیەدا لە شەوی هەینی ١ی پووشپەڕ بڵاو بوویەوە.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە بابەتی چەکوچۆڵەکانی دروستکراوی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی دڕۆنەکانی جۆری شاهێد لە شەڕی ڕووسیە و ئۆکرایندا دێتە بەر باس.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی پێشتر ڕایانگەیاندووە کە ئەم چەکوچۆڵانە بەر لە دەسپێکی شەڕ ڕادەستی ڕووسیە کراوە.

ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی دەیان جار کۆماری ئیسلامییان بە یارمەتیدانی ڕووسیە لە شەڕی ئۆکرایندا تۆمەتبار کردووە و لەم پێوەندییەدا ژمارەیەک سزای نوێ خراوەتە سەر حکوومەتی تاران.

لەلایەکی دیکەوە سکرتێری گشتیی ناتۆ لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ڕێگە بە ئۆکراین بدەن تاکوو بە چەکوچۆڵە دروستکراوەکانی ئەم وڵاتانە هێرش بکاتە سەر خاکی ڕووسیە.