کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی گوشارەکانی بۆ سەر دایکی شەهید شەهریار محەممەدی

12:30 - 4 پووشپەڕ 2724

لە درێژەی گوشارەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دایە مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە شەهیدانی ئەم بزووتنەوەیە لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنیی بەردەوام بە ژمارەی نەناسراو کەوتووەتە ژێر گوشارەوە تاکوو واز لە مافخوازی بێنێت.

میلاد محەممەدی، برای شەهریار محەممەدی بە بڵاوکردنەوەی نووسراوەیەک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا لەمبارەوە نووسیویەتی: دایکم تاکوو ئێستا وڵامێکی بەم گوشارە و پێوەندییە تلفۆنییەکان نەداوەتەوە و لە دەسبەسەرکران و ئەشکەنجەش ناترسێ، بەڵام چونکە ئەگەری دەسبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرە، بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی خەڵک و  بەرپرسیارکردن و وڵامدەرکردنی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەم نووسراوەیەمان بڵاو کردووەتەوە.

دایە مینا، یەکێک لە دایکە مافخوازەکانە کە لەگەڵ بنەماڵە مافخوازەکانی دیکە لە سەرتاسەری ئێراندا درێژەی بە مافخوازی و وڵامدەرکردنی کۆماری ئیسلامی داوە.

ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، شەهریار محەممەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا و پاش کوژرانی هاوڕێکەی بە ناوی محەممەد حەسەنزادە بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ٢٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە شناسایی کرا و دوای کەوتن. هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ کوشتنی شەهریار لە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان لە فەلەکەی عەلی ئاباد هەتا بێهزیستییان بەستبوو و ماشینەکەی شەهریاریان گەمارۆ دابوو و بە فیشەکی جەنگی تەقەیان لێ کردبوو و ماشینەکەیان کون کون کردبوو.

هێزە سەرکوتکەرەکان پاش تەقەکردن لە شەهریار لە ترسی خەڵک و بەربڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان دەسبەجێ شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێ هێشتبوو و شەهریار پاش ٢٠ خولەک بانگی دایکی دەکا و بە ناڵە و هاوار داوای یارمەتی دەکات.

ئەم هاووڵاتییە ٤٠ خولەک پاش ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی "قولیپوور" و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ژیان، گیانی لەدەست دا.