کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەمریکا سەبارەت بە مەترسیی زۆربوونەوەی شەڕ

15:53 - 4 پووشپەڕ 2724

 

سەرۆکی ناوەندی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا، ژنراڵ چارڵز براون ڕۆژی یەکشەممە ٣ی پووشپەڕ هۆشداری دا کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بە تایبەت ئەگەر هەڕەشە لە بوونی حیزبوڵڵای لوبنان بکات، مەترسیی شەڕ و ململانێی بەرفراوانتر لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی زیاتر دەکات.

 

هەروەها چارڵز براون، بە جەختکردنەوە لەسەر مافی بەرگریکردنی ئیسرائیل لە خۆی وتی: حیزبوڵڵا لە ڕووی توانای گشتی و ژمارەی مووشەک و شتی لەو جۆرە، لە حەماس بەتواناترە، و لە هەمان کاتدا حیزبوڵڵا بۆ ڕێژیمی ئێران لە حەماسیش گرنگترە.

 

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەمریکا دەتوانێت لەم دۆخەدا بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشەکانی حیزبوڵڵا، سنووردارتر مامەڵە بکات چونکە مەودای کورتی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، کارەکانی هێزەکانمان قورستر دەکات.

 

ئەم لێدوانەی سەرۆکی ناوەندی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە بێنیامین نێتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە کەمکردنەوەی شەڕ لە غەززە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات هێزی زیاتر لە سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەی لەگەڵ لوبنان جێگیر بکات.

 

لە هەمان کاتدا یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە  بۆ تاوتوێکردنی قۆناغی داهاتووی شەڕی غەززە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و پێداچوونەوە بە پەرەسەندنی دوژمنایەتییەکان لەسەر سنووری ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان سەردانی واشنگتۆنی کرد.

 

حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ڕەزبەر هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد و ڕایگەیاند کە تا ئاگربەست لە غەززە جێگیر نەکرێت، ئەو هێرشانە ڕاناگرن. هەروەها ئەو هێرشانەی لەم مانگەدا بە دوای کوژرانی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئەم گرووپە لە هێرشێکی ئەرتەشی ئیسرائیل توندتر بوون.

 

لەم پێوەندییەدا ئانتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان و ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی کارەساتبار لە ناوچەکەدا نیگەرانی قووڵی دەربڕی و هۆشداری دا.