کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: خەڵکی ئێران هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن و هیچ شەرعییەتێکی سیاسی بە کۆماری ئیسلامی نادەن

22:45 - 4 پووشپەڕ 2724

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وتووێژێکدا لەگەڵ "کوردکاناڵ" ڕایگەیاند هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی سەرکۆماری لە ئێران لە بارودۆخێکدا بەڕێوە دەچن کە ئێران لەسۆنگەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە نوقمی قەیرانە جۆراوجۆرە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب ڕایگەیاند لەمێژە خەڵکی ئێران ئەو ڕاستییەیان بۆ دەرکەوتووە کە بەناو هەڵبژاردنەکان لە ئێران نەک نواندنی ئیرادەی گشتیی خەڵک بۆ ئاڵوگۆڕ لە نیزامی سیاسی و ئیداریی وڵاتدا نین، بەڵکوو سینارۆسازی بۆ هێنانەدەرێی کەسێک لە نێو چەند مۆرەیەکی دەستچنکراوی ڕێژیم لە سندووقەکانی دەنگدانە. کاک مستەفا هیجری ڕایگەیاند ئاکامی هەڵبژاردنەکانی دەوری سێزدەهەمی سەرۆ‌کۆماری کە ڕەئیسی لەودا بە کەمترین دەنگ و بەشداریی خەڵک دیاری کرا، بزووتنەوەی ژینا و ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو بۆ مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری و شوڕای ئیسلامی جێی گومانی بۆ هیچ کەس نەهێشتەوە کە خەڵکی ئێران هیچ متمانەیەکیان بەو ڕێژیمە نییە و بە تەواوەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕەت دەکەنەوە.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزب لە بەشێکی دیکەی ئەو دیمانەیەدا پێی لەسەر ئەو ڕاستییە داگرت کە شەش پاڵێوراوەکەی ئێستا بۆ کێبرکێیەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماری هەموویان لە مۆرە سەرەکییەکانی ڕێژیم لە دەیان ساڵی ڕابردوون. ئەوانە بۆخۆیان هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە و قەیرانگەلەن خەڵک بەسەر خەڵک هاتوون؛ بۆیە خەڵک وشیارتر و چاوکراوەتر لەوەن فریوی گەمە و ڕەخنەگرتن لە یەکتری و بانگەشەکردن و وادەوبەڵێندانەکانیان بخۆن و تەنانەت ئەمە بە سووکایەتی بە وشیاری و پێگەیشتوویی سیاسیی خۆیان دەزانن؛ بۆیە ئەم هەڵبژاردنەش بایکۆت دەکەن.

کاک مستەفا هیجری لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەیدا بە ئاماژە بە ڕۆڵی مەسعوود پزشکیان، وەک دیاردەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەرمکردنی گەمەی هەڵبژاردن بۆ هاندان و ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان گوتی: پزشکیان نەیشاردۆتەوە تەنیا بۆ بردنەسەرێی ئاستی بەشداریی خەڵک هاتووەتە گۆڕەپانەکە و گوتویەتی لە هەموو بارودۆخێکدا گوێڕایەڵی خامنەییە و، هیچ بەرنامەیەکی تایبەتیشی وەک نەخشەڕێی دەوڵەتەکەی نەداوە و ئەساسەن ناشتوانێت هیچ بەرنامەیەکی هەبێت؛ چونکی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی ئیدارەدانی وڵات لە شوێنێکی تر و لای ویلایەتی فەقیهە. بەڵام خەڵکی ئێران بە پێگەیشتوویی سیاسیی خۆیان ئیزن بە ڕێژیم نادەن بەشداریی ئەوان وەک کارتی مەشرووعییەتدان بە نیزامی سیاسیی وڵات لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا بەکار بێنێت، بۆیە هەڵبژاردن و سندووقەکانی دەنگدان بایکۆت دەکەنەوە.

لەم وتووێژەدا کە سبەی شەو لە "کورکاناڵ" بڵاو دەبێتەوە، چەند بابەتێکی دیکەی ڕۆژەڤی سیاسیی ئێران و کوردستان تیشکیان خراوەتە سەر.