لە درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ جۆزەردان، ژمارەیەک لە هێزەکانی لایەنی سێیەمی کۆمپانیای نەوت و گازی گەچساران بەرامبەر بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
هاوکات، کۆمەڵێک لە کارمەندانی کۆمپانیای نیشتمانیی بیرهەڵکەندنی ئێران لە بەردەم بینای ئەو کۆمپانیایە لە شاری ئەهواز و یەکێک لە ناوچە دەوڵەمەندە نەوتییەکانی باشووری ئێران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان کرد.
هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و سندووقی پشتیوانی فەرمانبەران و خانەنشینیانی فولاد لە شوش و ئیسفەهان کۆبوونەوە.
هەروەها لە تاران کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوان لە بەردەم بینای دابینکردنی کۆمەڵایەتی کۆ بوونەوە.
کۆمەڵێک لە ماسیگر و بەلەموان و ماسیفرۆشەکان لە بەردەم پارێزگای بووشێهر گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای مافەکانیان کرد.
ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە و لە نێویاندا خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، موخابرات و مامۆستایان و کرێکاران حەفتانە ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.