کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی سێ وڵاتی ئورووپایی بە ڕێژیمی ئێران

11:03 - 5 پووشپەڕ 2724

سێ وڵاتی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە ڕۆژی دووشەممە ٤ی پووشپەڕ، دوای کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەت لەسەر بڕیاڕنامەی ٢٢٣١ خوازیاری گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەڵێنییەکانی بەرجام بوون و هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر پێویست بکات پێش مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤ مێکانیزمی ماشە چالاک دەکەن.

لە بەیاننامەی ئەم سێ وڵاتەدا هاتووە: "ئەمڕۆ شۆرای ئەمنییەت کۆبوونەوەیەکی بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ کە لەسەر ڕێککەوتنی ناوکیی ئێرانە و پێبەندبوونی ناوکیی کۆماری ئیسلامی دیاری دەکات، بەڕێوە برد".

ئەم بڕیارنامەیە لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو کۆتایی دێت، بۆیە ١٦ مانگی داهاتوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی سەبارەت بە قەیرانی ناوکیی ئێران زۆر گرینگ دەبێت.

هەروەها لە بەیاننامەی ئاڵمان و بریتانیا و فەرانسەدا ئاماژە بە ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە ٢٤ی جۆزەردان سەبارەت بە دانانی سانتریفیووژی پێشکەوتوو لە سایتی فۆردۆ کراوە.

لەو بەیاننامەیەدا باس لەوە کراوە: "بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام، کۆماری ئیسلامی بە دانان و کارپێکردنی هیچ یەکێک لەو سانتریفیووژانە و بەکارنەهێنانی ئەم سایتە بۆ مەبەستی پیتاندن بەڵێنی داوە. دیسان داوا لە ئێران دەکەین کە واز لە پەرەسەندنی گرژییەکان بهێنێت و لە چوارچێوەی بەرجامدا بگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی.

هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەدا کە هاوکارینەکردنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی بۆ ماوەی چەندین ساڵە بەرنامەی قەدەغەکردنی چەکی ناوکی لاواز دەکات و لە هەمان کاتدا لە چالاکییەکانی ئاژانس لە ڕاپەڕاندنی کارە گرینگەکانی بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامی ڕێگری دەکات.

مێکانیزمی ماشە یەکێکە لە مەرجەکانی ڕێککەوتننامەی بەرجامە  و ئەگەر چالاک بکرێت، ئەوا بە شێوەیەکی ئوتۆماتیک هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەگەڕێنێتەوە.