کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پوورمحەممەدی هەوڵی بێبەریکردنی خۆی لە سێدارەدانەکانی ٦٧ ئەدات

11:21 - 5 پووشپەڕ 2724

مستەفا پوورمحەممەدی یەکێک لە بەربژێرانی سەرۆککۆماری و ئەندامی سەرەکیی لێژنەی مەرگ لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٣٦٧ پڕۆژەی کۆماری ئیسلامی بووە و لەلایەن ٣٠ لێژنەوە بڕیاری لە سەر دراوە.

پوورمحەممەدی بە مەبەستی سەرپۆش خستنەسەر ڕۆڵی خۆی لەم تاوانانەدا ڕایگەیاند کە تەنیا ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق و ئەو کەسانەی کە لەگەڵ خەڵکدا شەڕیان کردووە لەلایەن ئەندامانی ئەم ٣٠ لێژنەوە حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە و خۆی بەرپرسی ئەم بڕیارانە نەبووە و ئەندامی تیمی ئەمنییەتی لێژنەکە نەبووە.

مستەفا پوورمحەممەدی یەکێک لە چوار ئەندامی سەرەکیی لێژنەی مەرگ بە مەبەستی بێبەریکردنی خۆی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە چاوپێکەوتنی خۆی لەگەڵ حوسێنعەلی مونتەزری قایمقامی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەو کاتەدا کردووە کە بەوتەی خۆی مونتەزری کە لەسێدارەدانەکانی بە تاوانی مێژوویی لەقەڵەم دابوو، تەنیا بەهۆی بوونی پوورمحەممەدییەوە ڕێگەی داوە بچنە ژوورەوە.

پوورمحەممەدی بەم وتانەی لەم وتووێژەدا دەیهەوێت کە ڕۆڵی خۆی بەتەواوی لە لەسێدارەدانەکانی ٦٧ بسڕێتەوە و بەپشتبەستن بە قسەکانی مونتەزری کە دژبەری ئەم بڕیارەی ڕێژیم لەو کاتەدا بووە، بەڵگەی بۆ قسەکانی هێناوەتەوە.

حوسێنعەلی نەیێری حاکمی شەرع، مورتەزا ئێشراقی دادستانی تاران و ئیبراهیم ڕەئیسی جێگری ئەوکاتی دادستان لەگەڵ مستەفا پوورمحەممەدی نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندیخانەی ئێڤین، لەو کاتەدا چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ مونتەزریدا هەبووە.

پوورمحەممەدی بە ئاماژەدان بەوەی کە ژمارەیەکی زۆر بەدەستی ئەو حوکمی لەسێدارەکەیان پووچەڵ کراوەتەوە ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ئەوکات داوایان لەو کردووە تاکوو بێت و پێش بە زێدەڕۆییەکان بگرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە نەداوە کە چۆن توانای پووچەڵکردنەوەی حوکمەکانی بووە لەکاتێکدا بەوتەی خۆی بەرپرسی تیمی ئەمنییەتیی لێژنەکە نەبووە.

پێشتر ئیبراهیم ڕەئیسی ئەندامی لێژنەی مەرگ، لەسێدارەدانەکانی ٦٧ی بە بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ لەقەڵەم دابوو.

پوورمحەممەدی لە ئێستادا وێڕای ئەوەی کە هەوڵی داپۆشانی ڕۆڵی خۆی لەم تاوانەدا ئەدات ڕایگەیاندووە کە لەسێدارەدانەکان داواکاریی خەڵک بووە و لە سەر خواستی خەڵک لەسێدارەدانەکان ئەنجام دراوە.