کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهۆ: کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل پووچەڵ دەکەینەوە

12:17 - 5 پووشپەڕ 2724

بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٤ی پوشپەڕ، جەختی لە هەڕەشە بەردەوامەکانی گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک حەماس، حیزبوڵڵا و حوسییەکانی یەمەن کردەوە و باسی لەوە کرد، ڕێژیمی ئێران لە هەموو بەرەکاندا کار بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل دەکات، بەڵام ئیسرائیل بە هەر نرخێک بێت ئەم کاردانەوانە پووچەڵ دەکاتەوە.

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە وتارێکدا لە پارلمانی ئیسرائیل ئەم دۆخەی بە "شەڕی حەوت بەرە" وەسف کرد و وتی، کۆماری ئیسلامی بە ڕوونی هەوڵی لەنێوبردنی ئیسرائیل دەدات.

ناوبراو زیادی کرد، لەگەڵ پێشڕەویی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ قووڵایی غەززە، بەڵگەی زیاتری چالاکیی دژە ئیسرائیلی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا بووە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە جەختی لەوە کردەوە و باسی لەوە کرد، ئێمە ناچارین لە دوای پشوودانێک بەردەوام بین لە شەڕەکان بۆ تەواوکردنی ئامانجی لەنێوبردنی حەماس و من ئامادە نیم وازی لێ بێنم.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل خۆی بۆ هەموو سێناریۆکان چ نیزامی و چ دیپلۆماسی ئامادە دەکات.