کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپرسییەکان باس لە بەشدارینەکردنی نیوەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی ئێراندا دەکەن

12:25 - 5 پووشپەڕ 2724

تەنیا چوار ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران و بەپێی دوایین ڕاپرسیی "ئیسپا" دەرکەوتووە کە تەنیا نیوەی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە "بە دڵنیاییەوە" یان "بە ئەگەرێکی زۆر کەمەوە" لەو هەڵبژاردنەدا بەشدار دەبن‌ و هەروەها نزیکەی ٥٠ لەسەدی ئەوانی دیکە ڕایانگەیاندووە کە یا بەشداری ناکەن، یا ئەوەی کە هێشتا بڕیاریان نەداوە، یان ئەگەری کەمی بەشداریکردنیان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە داتاکانی ڕاپرسیی ناوەندی خوێندکارانی ئێران کە ڕۆژی دووشەممە ٤ی پووشپەڕ بڵاو کرایەوە، نیشان دەدات کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ڕاپرسیی یەکەمدا بە دڵنیاییەوە ڕایانگەیاندبوو کە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن بە بەراورد لەگەڵ ڕاپرسیی چوارەم کەمی کردووە.

هەروەها هەر لەو ڕاپرسییەدا کە لە ڕۆژی دووەم و سێیەمی مانگی پووشپەڕ ئەنجام دراوە، باس لە ململانێی نێوان بەربژێرەکان کراوە و هاتووە کە مەسعوود پزشکیان بە ڕێژەی ٢٤.٤ لەسەد لە پلەی یەکەم، سەعید جەلیلی بەربژێری بناژۆخواز بە ڕێژەی ٢٤ لەسەد لە پلەی دووەم و محەممەدباقر قاڵیباف، بەربژێری بناژۆخواز و سەرۆکی مەجلیس بە ڕێژەی ١٤.٧ لەسەد لە پلەی سێیەمدایە. هەروەها لەم ڕاپرسییەدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕایانگەیاندووە ئەگەری هەیە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەین بەڵام هێشتا بەربژێری دڵخوازی خۆمان هەڵنەبژاردووە زیاترە و ئەو ڕێژەیە ٣٠.٦ لەسەد کە لەڕێژەی بەربژێرەکان زیاترە.