کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە مەهاباد

10:44 - 12 جۆزەردان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردان کاک تاهیر عەبدوڵڵاهی ناسراو بە مەحموود سارتکەیی بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک  تاهیر لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و حیزبی چاوی بە ژیان هەڵێنابوو؛ ناوبراو لە جووڵانەوەی پڕشکۆی ساڵانی ٤٦- ٤٧ لە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگەدا لە خزمەت حیزبەکەیدا بوو و بەشداریی چالاکانەی هەبوو.

دوای تێکشکانی جووڵانەوەکە بەشداریی لە شۆڕشی باشووری کوردستاندا کرد و لە ساڵی ١٣٥٧دا کە ڕێژیمی پاشایەتی ڕووخا و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێکۆشانی ئاشکرای خۆی دەست پێکرد، کاک تاهیر وێڕای هاوسەنگەرانی لە باشوور گەڕایەوە و سەرلەنوێ چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی کردە شان و بۆ بەرگری لە گەل و نیشتمان وەک پێشمەرگە لە خزمەت حیزبەکەیدا بوو و لە شەڕی سێ مانگەدا وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و فیداکار خزمەتی بە گەلەکەی کرد.

دواتر بەهۆی گرفتی ژیان و بنەماڵە بە ئاگاداریی حیزب وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا بەڵام وەک کەسێکی دڵسۆز بە بیر و باوەڕی حیزبە کەی مایەوە وهەموو کات بنەماڵەکەیان پشتیوانی حیزب و پێشمەرگە بوون .

کاک تاهیر هەتا کۆتایی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان و حیزبەکەی مایەوە.

شەهیدی فەرماندە هەمزە سارتکەیی برازای ناوبراوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکرای ناوبراو دەکات وو خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.