کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گالانت: ئێران گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر داهاتووی جیهانە

10:36 - 6 پووشپەڕ 2724

یۆئاو گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ٥ی پووشپەڕ لە دیدارێکدا لەگەڵ لوید ئاستین وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە واشنگتۆن، جارێکی دیکە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی بە هەڕەشە بۆ سەر جیهان ناو برد و لە بەرامبەر ئەگەری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هۆشداری دا.

بەگوێرەی زانیارییەکان وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، گالانت لەو دیدارەدا ڕایگەیاندووە گەورەترین مەترسی لەسەر داهاتووی جیهان و ئایندەی ناوچەکەمان کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ناوبراو ڕایگەیاند: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە پابەندبوونی حکوومەتەکانی وەکوو ئەمریکا وەبیربێنینەوە کە بەدرێژایی ساڵان هەمیشە بەڵێنیان داوە ڕێگری لە ئێران بکەن بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

هەروەها ئیسرائیل هەموو کات لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هۆشداریداوە و ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە دوای گەڕان بە شوێن چەکی ئەتۆمییەوەیە.

یۆئاو گالانت ڕۆژی سێشەممە لەبارەی هاوکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە بەرفراوانەکانی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەسخۆشی کرد.

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن سەبارەت بە وڵامدانەوەی ئیسرائیل بە هێرشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە گفتوگۆدان و گالانت وتی: دەبێت ئەگەری هەموو سێناریۆیەکی لەبەرچاو بگرین و گفتوگۆی لەسەر بکەین.

لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل دەیەوێت حیزبوڵڵا بکێشێتەوە بۆ ئەودیوی ڕووباری لیتانی کە ٣٠ کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە، ئەمەش لە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشدا هاتووە.