کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا تۆڕێکی سپیکردنەوەی پارەی سپای پاسداران و وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێرانی تەحریم کرد

11:27 - 6 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی سێشەممە ٥ی پووشپەڕ، ئەمریکا سزای بەسەر نزیکەی ٥٠ کەس و دامەزراوەدا کە بە گواستنەوەی میلیاردها دۆلار بۆ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبارن، سەپاند.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانەی کە تەحریم کراون، "تۆڕێکی بانکی سێبەرن" کە وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها سپای پاسداران بە کاری دەهێنن.

هەر دوو وەزارەتی بەرگری و سپای پاسداران لەژێر گەمارۆکانی ئەمریکادان.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەم تۆڕە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی میلیاردها دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، یارمەتی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانی داوە.

والی ئادیمۆ، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی: ''ئەمریکا دژی سیستمێکی بەرفراوانی بانکی سێبەر هەنگاو دەنێت کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سپیکردنەوەی میلیاردها دۆلار لە نەوت و داهاتی نایاسایی دیکە بەکاری دەهێنن.

بەپێی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، گەمارۆکانی ڕۆژی سێشەممەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دەیان شیرکەتی ڕووکەشی لە تورکیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، هۆنگ کۆنگ، دوورگەکانی مارشال و ئێران کردووەتە ئامانج.

بەو پێیە هەر چەشنە دارایی  ئەو شیرکەتانە لە ئەمریکا دەبەسترێت و بە گشتی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە بازرگانیی لەگەڵ ئەو کەس و دامەزراونەدا قەدەغە دەکرێن و ئەو کەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن مەترسیی سزادانیان لەسەر دەبێت.