کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی دەیەوێ خەڵك ڕاکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان بکات

11:28 - 6 پووشپەڕ 2724

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە وتاری تایبەت بە جەژنی غەدیر، داوای کرد کە خەڵک زۆرترین ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمارییان هەبێ و هەروەها داوای کرد کە خەڵک کەسێکی ڕاست لەنێو بەربژێرەکان هەڵبژێرن، کەسێک کە بە بڕوای ئەو پەیڕەوی ئایین و شەریعەت بێ و باوەڕی تەواوی بە سیستەم و ئینقلابی ئیسلامی هەبێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی هەر کەسێک کە ئێرانێکی بەهێزی دەوێت و باوەڕی بە پشتیوانیکردن لە ڕێژیم هەیە، پێویستە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکات.

خامنەیی وتی هۆکاری پێداگری و جەختکردنەوەی لەسەر بەشداریکردنێکی بەرچاو لە هەڵبژاردنەکاندا ئەوەیە کە گرینگترین کاریگەریی بەشداریی بەرز و بەشکۆ، شانازی بۆ کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتنە بەسەر دوژمناندایە.

ناوبراو بەشدارینەکردن یان کەم بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی بە کارێکی دوژمن دلخۆشکەر ناو برد و دووبارە جەختی کردەوە بەربژێرێک هەڵبژێرن کە باوەڕی بە سیستمی ئیسلامی و ئینقلابی ئیسلامی هەبێت ئەگەر وا نەبێ ئەوە ئەو کەسە ناتوانێ بەڕێوەبەرێکی باش بۆ وڵات بێت.

قسەکان و نیگەرانیی خامنەیی لەکاتێکدایە کە تەنیا سێ ڕۆژ بۆ بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران ماوە و بەپێی دوایین ڕاپرسیی "ئیسپا" دەرکەوتووە کە کەمتر لە نیوەی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە "بە دڵنیاییەوە" یان "بە ئەگەرێکی زۆر کەمەوە" لەو هەڵبژاردنەدا بەشدار دەبن‌ و هەروەها نزیکەی ٥٠ لەسەدی ئەوانی دیکە ڕایانگەیاندووە کە یا بەشداری ناکەن، یا ئەوەی کە هێشتا بڕیاریان نەداوە، یان ئەگەری کەمی بەشداریکردنیان هەیە.