کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییانی حەوت بەندیخانەی ڕێژیم لە ٢٢ـەمین "سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان" مانیان لە خواردن گرت

12:03 - 6 پووشپەڕ 2724

٢٢ـەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردنی ڕۆژانی سێشەممەی نا بۆ لە سێدارەدانی زیندانییان لە ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٥ پووشپەڕی ١٤٠٣، سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان و مانگرتن لە خواردن بۆ ٢٢ ـەمین حەفتە لەسەر یەک درێژەی هەبوو.

چالاکوانانی سیاسیی کەمپەینی "نا بۆ لەسێدارەدان" بۆ ٢٢ـەمین حەفتەی لەسەر یەک مانیان لە خواردن گرت و بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک مامەڵەی شەرمەزارکەری حەمید نووری لە ئەنجامدەرانی کوشتن و ئەشکەنجەدانەکانی دەیەی شەستیان شەرمەزار کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هاوکات لەگەڵ درێژەی هەڵمەتی مانگرتن لە خواردنی زیندانییان لە ناڕەزایەتی بە لەسێدارەدان، سیستەمی قەزایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی حوکمی لەسێدارەدانی لانیکەم دوو کەسی دەرکردووە.

ئەم مانگرتن لە خواردنە لە ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە لەسێدارەدانی زیندانییانی زیندانی قزڵحەسار دەستی پێکردووە و تا ئێستا هەموو سێشەممەیەک بەبێ پچڕان بەردەوام بووە.