کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی خوازیاری ئازادکرانی تووماج ساڵحی بوو

12:06 - 6 پووشپەڕ 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە هەژماری تایبەتیی ئیکسی خۆیدا، خوازیاری ئازادکرانی دەستبەجێ و بێمەرجی تووماج ساڵحی بوو.

ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی سێشەممە ٥ی پووشپەڕ ویڕای ئاماژەدان بەوەی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەجیاتی ئەوەی کە پڕۆسەی دادگاییکردنی تووماج درێژ بکەنەوە، دەبێت ئازادی بکەن ڕایگەیاندووە کە تووماج بە هۆی کەڵکوەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە مافی مرۆیی خۆی تەنانەت نەدەبوو کە دەسبەسەر بکرێت.

پارێزەری تووماج ساڵحی ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕ ڕایگەیاندبوو کە دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدان و بەندکرانی تووماجی بەتۆمەتی "افساد فی الارض" کە لەلایەن دادگای ئینقلابەوە دەرکرابوو، هەڵوەشاندووەتەوە.

لەم پێوەندییەدا ئابرام پیلی جێگری نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا لە کاروباری ئێراندا ئەم بڕیارەی دادگای باڵای بە ڕواڵەتی و بە مەبەستی فریودانی جیهان زانی و ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بۆ بێدەنگکردنی بیرجیاکان لە فرتوفێڵی دادوەری کەڵک وەردەگرێت.

تووماج ساڵحی هونەرمەندی ناڕازی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ناڕازی هاتە سەر شەقام و بەشێوەی جیددی چالاکیی هەبوو کە دواتر لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە کرا.