کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: لە مانگی داهاتوودا کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران بەڕێوە دەچێت

12:08 - 6 پووشپەڕ 2724

دوابەدوای هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی ئێران لەلایەن کۆشکی سپییەوە، پێنج بەرپرسی ئیسرائیلی و ئەمریکی کە ناویان نەهێنراوە، بە ماڵپەڕی ''ئاکسیۆس''یان ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل و ئەمریکا لەسەر ئەوەی لە مانگی ژوئییەدا جارێکی دیکە کۆبوونەوەی هاوبەش لەسەر ئێران ئەنجام بدەن ڕێککەوتوون.

حەوتووی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کۆشکی سپی تووڕە کرد و هەرچەندە بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەڵسەنگاندنی چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی چووبوونە ئەمریکا، بەرپرسانی باڵای کابینەی جۆ بایدێن کۆبوونەوەکەیان هەڵوەشاندەوە.

لەو گرتە ڤیدیۆییەدا نێتانیاهۆ کابینەی جۆ بایدێنی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕێگری لە ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل کردووە. بەرپرسانی کۆشکی سپی ئەم قسانەیان وەکوو ناسپاسی نێتانیاهۆ زانی و ڕایانگەیاند کە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕاست نییە.

لە ڕاپۆرتی ئاکسیۆسدا ئاماژە بە کاتی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا سەبارەت بە ئێران نەکراوە، بەڵام بە گێڕانەوەی بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە، پێدەچێت ئەم کۆبوونەوەیە پێش قسەکانی نێتانیاهۆ لە دانیشتنی هاوبەشی کۆنگرە لە ٢٤ی ژووئیە ئەنجام بدرێت.

ئەم ماڵپەڕە لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە نووسیویەتی کە بەرپرسانی ئیسرائیل هەروا زیاتر نیگەرانی پێشهاتەکانی بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە.

گرووپێکی ڕاوێژکاری ستراتێژیکی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٩ بە مەبەستی وتووێژیلەسەر بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی دامەزرا.

ئەم گرووپە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوە و بەپێی ڕاپۆرتی ئاکسیۆس، کاربەدەستانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن، لەو کاتەوە بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرفراوان بووە.