کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیسی ئێسفەهان ٣٥ لاپەڕەی ئینستاگرامی بە تۆمەتی ''بڕەودانی شێوازی ژیانی ڕۆژاوایی" داخست

11:27 - 14 جۆزەردان 2724

بەڕێوەبەری پۆلیسی فەتا لە ئێسفەهان ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردان ڕایگەیاند، ٣٥ لاپەڕەی ئینستاگرام بەهۆی بڕەودانی شێوازی ژیانی ڕۆژاوایی و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نەشیاو دەستنیشان کراون و داخراون.

مستەفا مورتەزەوی بەڕێوەبەری پۆلیسی فەتا لە ئێسفەهان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ٣٥ لاپەڕە ئینستاگرامییە بە تێکڕا ژمارەی سەردانەکانیان ٧٠ هەزار کەس بووە، کە بەڕێوەبەرەکانیان وێنەی ناشیرین و ڕێکلامی مۆدێلینگ بە ناوەڕۆکی نەشیاوەوە بڵاو کردووەتەوە.

ئەم بەرپرسەی پۆلیسی ئێسفەهان وتوویەتی، ناوەڕۆکی ئەو لاپەڕانە سڕدراونەتەوە و بەڕێوەبەرەکانیان بە ناوەندە دادوەرییەکان ناسێندراون.

بەردەوامیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ چالاکییەکانی شارۆمەندان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە لەحاڵێکدایە کە بەپێی یاساکانی ئێستا لە ئێراندا هیچ تاوانێک بە ناوی "بڕەودانی شێوازی ژیانی ڕۆژاوایی" بوونی نییە، هەرچەندە بەپێی ماددەی ٧٤٢ی یاسای تاوانە کامپیوتێرییەکان بڵاوکردنەوەی "وێنەی ناشیرین و قێزەون" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تاوان ناسێنراوە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران حیجابی زۆرەملێ و قەدەغەکردنەکانی حکوومەتی لە بواری ئازادییە کەسی و کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت بۆ ژنانیان وەک نۆرم ناساندووە و پابەندنەبوون بەو نۆرمە دیاریکراوانە، سزای بۆ دانراوە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەیان پەیجی ئینستاگرام بە تۆمەتی هاوشێوە لەلایەن ناوەندە ئینتزامییەکانی ڕێژیمەوە بلۆک کراون و بەڕێوەبەرەکانیان وەکوو " پەرپێدەرانی دژە فەرهەنگ" بانگ کراون.