کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگەوپێگەی تەمبوور لە کولتووری یارساندا

17:58 - 6 پووشپەڕ 2724

سارۆ خوسرەوی

لە دێرزەمانەوە، ئامێری تەمبوور لە کۆمەڵگەی یارسان و بە تایبەت لە ناوچەی گۆران و سەحنەی کرماشان، ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەری هەبووە لە بۆنە و ڕێوڕسمە تایبەتەکانیاندا.

کاتێک کەسێکی یارسانی لە سەرەمەرگ  نزیک دەبێتەوە و لەسەر جێگە دەکەوێت، تەمبوورژەن بە ژەندنی بەزمی "حەقانی" ڕوحی ئاسوودە و کەمەندکێشی دنیای هەتاهەتایی دەکات. لاواندنەوەی ڕۆح بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی کەسەکە ماڵاوایی یەکجارەکی لە ژیان دەکات. پاشان تەمبوورژەن لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە دەم خوێندنەوەی مەقامی "فانی فانی" لەگەڵ تەرمی کۆچکردووەکە بەڕێ دەکەوێ بۆ مەزارستان.

لە کاتی چوونیان بۆ سەر مەزار، تەمبوورژەنەکە لە پێشەوەی تابووتە دەچێت و بەزمی "فانی فانی" دووبارە دەکاتەوە و خەڵکەکەش لەگەڵی دیڵێنەوە. ئەم بەزمە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی مردووەکە ئەسپاردەی خاک دەکرێت. لە پاش ڕێوڕەسمی خاکسپاری، خەڵک بە مەبەستی سەرخۆشیکردن لە کەسووکاری مردووەکە لە ماڵی خاوەن پرسە کۆ دەبنەوە و هەمدیسان تەمبوورژەن بەزمی فانی فانی دەژەنێت تا ئەوکاتەی هەموو میوانەکان دەگەنە شوێنی پرسەکە. بە گەیشتنی هەموو میوانەکان، دەنگی تەمبوور و مەقامی فانی فانی دەوەستێ.

 ئامێری تەمبوور لای یارسانییەکان ئامێرێکی پیرۆزە و تەمبوورژەن لە دەسپێک و کۆتایی ژەندنی تەمبوور، مل یان دەستەی ئامێرەکە ماچ دەکات. ماچکردنی تەمبوور بە واتای ئەوەیە، سۆز و ئەوین لە هەموو شتێک و هەموو شوێنێکدا هەیە، ماچکردنی دارێکی وشک هێمای بەخشینی سۆزێ تەمبوورژەنە بۆ ئەو شتەی ئەوینداریەتی. ئەم سۆز بەخشین و ئەویندارییە دەبێتە هۆی هارمۆنییەکی جوان و واتادار لەنێوان سیمەکانی تەمبوور و پەنجەکانی ژەنیار. لە ئاوێتەبوونی سۆز و ئەویندا، پەیوەندی ڕۆحی و ئەوینداری لە نێوان مرۆڤ و مووزیک وەک دیاردەیەکی بەرز و پیرۆز دروست دەبێت.

مێژووی پەیدابوونی ئامێری تەمبوور لە کۆمەڵگەی یارسان بەو جۆرەی باسی لێوە کراوە، لە سەردەمی (شاخوشین لوڕستانی) ئاشکرا بووە. شاخوشین کە یەکێک لە ڕێبەرانی سەرتایی یارسان بووە، لە سەدەی چوارەمی کۆچی، گرووپێکی ٩٠٠ کەسی لە تەمبوورژەنانی پێڕەوی ڕێبای خۆی دابەش کردوە و خۆشی لەگەڵ ئەو گرووپانە تەمبووری ژەندوە. دواتر لە سەردەمی "سوڵتان سەهاک" کە دەبێتە دامەزرێنەری ئایینی یاری، لە کۆتاییەکانی سەدەی حەوتەمی کۆچی لە پردیوەری هەورامان ٧٢ بەند یان مەقامی یارسان ئامادە کراوە کە هەتا ئێستا بە ٧٢ مەقامی یارسان ناوبانگی ڕویشتوە و لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا پێشکەش دەکرێن.

ئامێری تەمبوور پێشتر هەر لە جەمخانە و ڕێورەسمە ئاینییەکانی یارساندا بەکاریان دەهێنا، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٢ی زایینی بەملاوە بە دەسپێشخەریی مامۆستا سەید ئەمرەڵڵا شا ئیبراهیمی، ئەم ئامێرە لە شوێنە ئایینییەکانەوە گوازرایەوە بۆ سەر شانۆ و شوێنە گشتییەکان. دواتر چەندین گرووپی پیشەیی لە ژەنیارانی تەمبوور، بە سەرپەرەستی، ”کەیخوسرەو پورنازری و سەید خەلیل عالی نژاد ” دروست بوون.

لەم سەردەمەدا، تەمبوور وەک هەر یەک لە ئامێرە کلاسیکی و نەتەوییەکان، جێگای بایەخی ئاوازدانەرانی پیشەیییە لە کۆمەڵگەی یارسان. هەر یەک لە سەید عەلیار ئەفزەڵی، سەید قاسم ئەفزەڵی، سەید ئەمیروڵڵا ئەفزەڵی، دەورێش عابدین خادمی، دەورێش ئەمیر حەیاتی، سەید مەحموود عەلەوی، سەید وەلی حوسەینی، وەستا تاهیر یاروەیسی، نوورعەلی ئیلاهی، چەنگیز عەبدیپوور،  شێخ محەممەد باقر تەیمووریان، سەید خەلیل عالینژاد، مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی، عەلیڕەزا فەیزبشیپوور، مامۆستا کەیخوسرەو پووڕنازری، سەید ئارش شەهریاری، فەرەیدوون کەماڵی، شاپوڕ کەماڵی، عادل کەماڵی، بیهزاد مورادی، موزەفەر برنجی، مەنووچەر نەزەری تویشامی، فەرید ئلهامی و کەیوان کیانیان، لە بەناوبانگترین تەمبوورژەنانی کۆمەڵگەی یارسانن.  دیارە مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی لە ناوچەی گۆران، جیا لەوەی تەمبوورژەن و ئاوازدانەرێکی بەناوبانگە، هاوکات ساڵانێکە لەبارەی مەقامەکانی ئامێری تەمبوور کار دەکات و تا ئێستا چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی و بەنرخی پێشکەشی ئەویندارانی تەمبوور و ئاوازەکانی تایبەت بە یارسان کردووە.

مامۆستا مورادی، لە ژەندنی مەقامەکانی  تەمبوور شێواز و توانایی تایبەت بە خۆی هەیە و شارەزای ٧٢ مەقامی یارسانە. کاسێتەکانی وەک: "تریکە هانا، سەحەر واران، سیروان و گەڵارێزان"، لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی ئەم هونەرمەندە دیارەی کوردستانە. مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی، ساڵی ١٩٩١ی زایینی سۆلۆژەنی (گرووپی ڕۆژ) بوو کە لە پێشبڕکێی ئامێرە ژێدارەکان، لە بەشی تەمبوور، پلەی یەکەمی بەدەست هێنا. مامۆستا مورادی، هاوکات بە مەبەستی ناساندی تەمبوور یارسان وەک ئامێرێکی کوردی، گەشتی زۆربەی وڵاتانی دنیای کردووە.

شێوازی تەمبوورژەنینی "سەحنە" لەگەڵ "گۆران" تا ڕادەیەک جیاوازە، دەستوپەنجەی سەحنەییەکان خێراترە لە ژەندنی تەمبوو، بە تایبەت ئەم خێراییە زۆرتر لە کارەکانی ڕەوانشاد سەید "خەلیل عالینژاد" خۆی دەردەخات، بەڵام زۆربەی گۆرانەکان ئێستا پێڕەوی لە شێوازی ژەندنی مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی و کۆچکردوو وەستا تاهیر یاروەیسی دەکەن، کە زۆرتر ڕیتمی ئارامە.

جێگای ئاماژەیە، لە ناوچەی گۆران باوە دەڵێن هەر کۆرپەیەک لەدایک دەبێت، تەمبوورێکی بچووک بە بێشکەکەیەوە هەڵدەواسن بۆ ئەوەی کە گەورە بوو ئەو ئامێرەی لەبیر بێت و بیژەنێت، کە دیارە ئەمەش جۆرێکە لە ئەمانەتداری و ئەمەگناسی کۆمەڵگەی یارسان بۆ ئامێری تەمبوو کە وەک میراتی کولتووری و نەتەویی خۆیان چاوی لێ دەکەن. لە خۆڕا نییە ئێستا لە ناوچەی گۆران، کەم ماڵ هەیە مناڵەکانیان تەمبوور نەژەنن و هۆگری ئەم ئامێرە نەبن. دیاردەی جێگای سەرنج و باڵکێش ئەوەیە کە کچانی یارسانی فرەتر لە کوڕان هۆگری سازی تەمبوورن و بەردەوام لەم بوارەدا هەوڵی فێربوون و خۆ پێگەیاندن دەدەن.

سەرچاوەکان:

- ساز آوای کردی، علی اصغر نصراله‌پور

- تنبور از دیرباز تاکنون، سید خلیل عالی‌نژاد

- موسیقی یارسان: حیدر کاکی، بە روایت علی اکبر مرادی