کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە سەردەشت

12:01 - 14 جۆزەردان 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی جۆزەردان، مەلامحەممەد محەممەدیان، ناسراو بە مەلا محەممەدی خاڵەسووری ئەسپەمێزە، کەسایەتیی ناسراو و خاوەن پێگە و ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات لە سەردەشت کۆچی دوایی کرد.

مەلا محەممەد دەورێکی باڵای لە خزمەت بە بواری عیلم و ئەدەب و پەروەردەی کۆمەڵگادا هەبوو و هاندەری بەرەوپێشچوونی لاوان لە بواری زانست بوو.

مەلا محەممەد کەسایەتییەکی خاوەن پێگەی جامەوەری بوو و ڕۆڵی بەرچاوی لە سوڵح و ئاشتەوایی نێوان چین و توێژە جۆراوجۆرەکاندا دەگێڕا.

ناوبراو لە دەوارنی خوێندنی فەقێیەتی، هاوڕێی کەسایەتیی تێکۆشەر مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی بووە و ساڵەکانی ١٣٥٩ و ٦٠ی هەتاوی بەرپرسی ڕێکخراوی حیزبی دێموکرات لە دۆڵی دەرماناوێ بووە.

 ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.