کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلانی حیزبی کرێکارانی بریتانیا بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران

10:35 - 7 پووشپەڕ 2724

ڕۆژنامەی ''تێلێگراف'' چاپی بریتانیا بڵاوی کردووەتەوە، حیزبی کرێکارانی بریتانیا لە ئەگەری سەرکەوتنی  لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، پلانی هەیە لە ڕێگای چاکسازیی هیندێک یاسا، سپای پاسداران بخاتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەو وڵاتەوە .

بەپێی ڕاپۆرتی تێلێگراف، ئەگەر حیزبی کرێکاران بێتە سەر دەسەڵات بڕیارە ''ئیڤێت کوپێر و دەیوید لەمی'' بەرپرسایەتیی وەزارەتی نێوخۆ و وەزارەتی دەرەوە وەئەستۆ بگرن کە پشتگیری لە خستنی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان دەکەن.

کابینەی موحافزەکاری ڕیشی سۆناک، سەرۆکوەزیرانی ئێستای بریتانیا، بە تایبەت لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، پلانی بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی لەبەر چاو بوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان وەزارەتی نێوخۆ و وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی تاران- لەندەن لە جێبەجێیکردنی خۆی بوارد.

لە درێژەی ڕاپۆرتی تێلێگرافدا هاتووە کە حیزبی کرێکاران گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ڕوانگەی ئێستا بەرامبەر بە سپای پاسداران بەسەر چووە و پێویستە ڕوانگەیەکی نوێ بەرامبەر ڕێکخراوەکانی وەک سپای پاسداران بگیرێتەبەر کە وەک بەشێک لە حکوومەت کار دەکەن.

ئەگەر ناوی سپای پاسداران بچێتە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی بریتانیاوە، ئەندامبوون لەم ڕێکخراوە سەربازییە یان پشتیوانیکردن لێی بە تاوان دەزانرێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا و بە تایبەتی دوای بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لە ساڵی ١٤٠١، چالاکانی مەدەنی و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی سپای پاسداران لە سەرکوتکردنی ناڕازییان لە نێوخۆی وڵات و هەروەها دەستێدابوونی ئەم دامەزراوەیە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرشە تیرۆریستییەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، داوایان کردووە ناوی سپای پاسداران بچێتە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.