کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم گرژییەکانی لەسەر حیجابی زۆرەملێ زیاتر کردووە

10:37 - 7 پووشپەڕ 2724

ئاژانسی هەواڵدەریی ئاسۆشیتدپرێس لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٦ی پووشپەڕ بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاندووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی شانۆی هەڵبژاردنەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار، گرژییەکان سەبارەت بە سەرکوتکردنی ژنان بە بیانووی حیجابی زۆرەملێ ڕوو لە زیادبوونە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەموو رۆژێک لە ئێران، ماشینەکانی گەشتی ئێرشاد دەچنە گۆڕەپان و چوارڕێیانە سەرەکییەکانی تاران و شارەکانی دیکە و بەدوای ئەو ژنانەیدا دەگەڕێن کە حیجابیان نییە و بوێری ئەوەیان هەیە کە حیجابیان لابەن و بە گوشار خستنەسەریان و دەسبەسەرکردنیان ئازاریان دەدەن.

ئاژانسی ئاسۆشیتدپرێس لە درێژەدا نووسیویەتی کە یاسادانەرانی ئێران لە سەپاندنی سزای توندتر بەردەوامن و لەلایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان بەسەر هەزاران ئۆتۆمبێلی ئەو ژنانەدا گرتووە کە حیجابی زۆرەملێیان ڕەچاو نەکردووە.

لە ئێستادا و لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکاندا پرسی گەشتی ئیرشاد و حیجابی زۆرەملێ یەکێکە لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی گفتوگۆی بەربژێرەکانی ڕێژیم بۆ پۆستی سەرۆککۆماری، و ئەوان بەمەبەستی ڕاکێشانی دەنگەکان، لە نێو خۆیاندا خەریکی ئاشکراکردن و بە خراپنیشاندانی کارەکانی هێزەکانی ڕێژیمن.

بەڵام دوای هاتنەسەرکاری هەر یەکێک لەوان بە پێچەوانەی قسەکانی ئێستایان جارێکی دیکە و لە ئیستا خراپتر بە زیادکردنه گۆشارەکان بۆ سەر ژنان بە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، پەرە بە زیادکردنی گەشتی ئێرشاد لە شەقامەکان دەدەن.