کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە سوید

11:00 - 7 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی پووشپەڕ، پێشمەرگە و خەباتکاری دێرینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مام ساڵح ئەمینزادە ناسراو بە مام ساڵە بەنەژاژی، دوای زیاتر لە نیو سەدە تێکۆشان بۆ ئازادی و سەربەستی گەلی کورد، لە وڵاتی سوید ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مام ساڵە بەنەژاژی لە سەرەتاکانی دەیەی ٤٠ی هەتاوی لەگەڵ تێکۆشەرانی ئەو سەردەمەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی بانە ئاشنا دەبێ و لە ڕێگەی ئەوانەوە تێکەڵی تێکۆشان و خەباتی ئەو حیزبە دەبێت.

بزووتنەوەی چەکداریی ساڵانی ٤٦- ٤٧ و تێکەڵاویی مام ساڵە و کۆمەڵێکی تر لە ئەندامان لەگەڵ کادر و پێشمەرگەکانی ئەو بزاوتە دەبێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ باشتر ناسینی سیاسەتەکانی حیزب. ناوبراو بەوپەڕی دڵسۆزی و بوێرییەوە پشتیوانی و هاوکاریی بێوێنەی بزووتنەوەی ٤٦-٤٧ دەکات.

پاش دامرکانەوەی ئەو سەرهەڵدانە مام ساڵە و کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی حیزب لە ناوچەی بانە و بە تایبەت لە ناوچەی دەشتەتاڵی بانە دەکەونە بەر پەلاماری ڕێکخراوی ساواکی ڕێژیمی پاشایەتی و مام ساڵەش دەگیرێت و بۆ ماوەیەک لە زینداندا دەمێنێتەوە. ناوبراو دوای ئازادبوونی بۆ جارێکی تر پەیوەندی بە حیزبەوە دەکات و تا کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی بە نهێنی درێژە بە خەبات ئەدات.

لە کاتی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتیدا مام ساڵە بەنەژاژی لە ڕیزی یەکەم ئەندامانی حیزبدا دەبێ کە دەست دەداتە چەک و لە دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاسگاکانی ڕێژیمی پەهلەوی لە ناوچەی دەشتەتاڵ و گوندی بەنەژاژ دەوری سەرەکی دەبینێت.

دوای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ۱٣٥٧ی هەتاوی، مام ساڵح بەنەژاژی بە فەرمی بووە پێشمەرگە و چەکی بەرگری لە گەل و وڵاتەکەی کردە شان، و بە درێژایی دەیان ساڵ خەبات دژی ئەو ڕێژیمە، خۆی و بنەماڵەکەی لە ڕیزەکانی شۆڕشدا و بەوپەڕی سەخاوەتەوە خزمەتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی بنەماڵەی مام ساڵە ڕوویان لە وڵاتی سوید کرد، بە درێژایی ئەو چەندین ساڵەی دوورە وڵاتی، مام ساڵح  تا دواساتەکانی ژیانی کۆڵی لە خەبات نەدا و سەرەڕای نەخۆشی و چوونەسەری تەمەنی بۆ ساتێکیش لە کۆڕی هاوڕێیانی دانەبڕا.

مام ساڵە بەنەژاژی مرۆڤێکی خۆشەویست، خاکی و خەڵکی بوو، بۆ چارەسەری دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی وەک ڕیش سپی باس و ڕاوێژی لەگەڵ دەکرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.