کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕتربوونەوەی سەرکوتی کەمینە ئایینییەکان لە ئێران

12:18 - 7 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی پووشپەڕ ڕاپۆرتی ساڵانەی پێداچوونەوە بە ئازادییە ئایینییەکانی ئێران هاوکات لەگەڵ وتاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئازادییە ئایینییەکانی جیهان، بڵاو کرایەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا بەئاماژەدان بە سەرکوتی کەمینە ئایینییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هاتووە کە گوشارەکان بۆ سەر بەهاییەکان، دەروێشەکان، مەسیحییەکان و سوننەمەزەبەکان چڕتر بووەتەوە.

ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە پاش بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، گوشارخستنەسەر کەمینەکان و سەرکوتی کەمینە ئایینییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە پەرەی سەندووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا بەپشتبەستن بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی "یەکگرتوویی بۆ ئێران" هاتووە کە لە ساڵی ڕابردوودا ١١٥ کەس بەهۆی بیروباوەڕە ئایینییەکانیانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراون.

سەبارەت بە سوننەمەزەبەکان ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕێبەرانی ئایینی سوننەمەزەب دەخاتە ژێر گوشارەوە و بەهۆی ڕەخنەگرتن لە حکوومەت دەسبەسەریان دەکات.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ڕاپۆرتی ساڵانەی ئازادییە ئایینییەکانی جیهان بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا بڵاو کرایەوە.

ئانتۆنی بلینکێن لەم کۆبوونەوەدا ڕایگەیاند کە لەمڕۆدا سەدان ملیۆن لە خەڵکی جیهان مافی ئازادیی ئایینییان پێ نەدراوە و زۆربەی حکوومەتەکانی جیهان خەڵکی وڵاتەکەیان بەهۆی بیروباوەڕەوە دەخەنە ژێر گوشار و سەرکوتیان دەکەن.

بلینکێن زیادی کردووە لەم وڵاتانە هاووڵاتییان بەهۆی باوەڕە ئایینییەکانیانەوە لە خوێندن و کارکردن بێبەش دەکرێن و دەخرێنە ژێر ئەشکەنجەوە.