کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەوڵی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بۆ بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان

12:25 - 7 پووشپەڕ 2724

لە حاڵێکدا کە کۆماری ئیسلامی بەنیازە ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ، شانۆی هەڵبژاردنی سەرککۆماریی بەڕێوە ببات، خەڵک و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی جەخت لەسەر پێویستی بایکۆتکردنی ئەم شانۆگەرییە و تێپەڕین لە تەواویەتی کۆماری ئیسلامی دەکەنەوە.

کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی تاران ڕۆژی چوارشەممە ٦ی پووشپەڕ، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و جەختیان لە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان کرد و ڕایانگەیاند کە گرینگترین ئەرکی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بیرکردنەوە لە باشترکردنی دۆخی ئێران و تێپەڕین سیستمی ئێستای ئێرانە.

ئەو خوێندکارانە لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە هەڵبژاردنەکانی ئەو سیستمە بایکۆت دەکەین، چونکە دەزانین دەنگدان لەو چوارچێوە سیاسییەی کە هەیە تەنیا بە مانای قەبووڵکردنی سەرکوت دێت.

لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک چالاکوان لەوانە حوسێن ڕەونقی چالاک و زیندانیی پێشووی سیاسی، جەواد لەعل محەممەدی مامۆستا و زیندانیی سیاسی و فاتیمە سێپهری داوایان لە خەڵک کردووە هەڵبژاردنەکان بایکۆت بکەن.

هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ بایکوتی شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم، ئەنجامی ڕاپرسییەکانی ناوەندی ڕاپرسیی ''ئیسپا''، نیشانی دەدات کە تەنیا ٧ لەسەدی خەڵکی ئێران بە جیددی بەدواداچوون بۆ هەواڵەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنەکان دەکەن.