کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵە مافخوازەکان لە بەرەبەری شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا

12:17 - 14 جۆزەردان 2724

لە بەرەبەری شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم دوابەدوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵە مافخوازەکان سەبارەت بە هاندانی خەڵک بۆ بەشدارینەکردن لەم شانۆیە زۆرتر کردووەتەوە.

بە وتەی بنەماڵە مافخوازەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە هەڕەشەکردن، گوشاریان خستووەتە سەر ئەم بنەماڵانە تاکوو سەبارەت بە بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان قسە نەکەن.

لەم پێوەندییەدا، بنەماڵە مافخوازەکان ڕایانگەیاندووە لەو کەسانە خۆش نابن کە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و چاویان بەسەر ستەمدا دادەخەن.

"نێچیروان مەعرووفی"، لە برینداربووانی بزووتنەوەی ژینا کە بە هۆی گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، زێدی خۆی بەجێ هێشتووە لەمبارەوە وتوویەتی: کەسانێک کە دەنگ بەم دیکتاتۆرییە دەدەن، کەسانێکن کە سزای سێدارەی کەسانی تر واژۆ دەکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا میلاد محمەممەدی، برای شەهریار محەممەدی لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا، بە ئاماژەکردن بە دژایەتی لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنە، وتی سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵە مافخوازەکان گوشاریان لەسەرە، بەڵام داوا لە خەڵک دەکەن کە بە هیچ شێوەیەک لەم شانۆیەدا بەشداری نەکەن چونکە هیچ بەربژێرێک جیاوازیی لەگەڵ ئەوانی تر نییە و هەموو پێکەوەن.

لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیمدا، ژمارەیەک لە دایکی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا، بە بەدەستەوەگرتنی وێنەی منداڵەکانیان لە بنکەکانی دەنگدان، داوای بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانیان کرد.