کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بە بێ بەشداریی خەڵک دەستی پێ کرد

10:33 - 8 پووشپەڕ 2724

ئەمڕۆ هەینی ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕێژیم چواردەهەمین خولی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماریی دەست پێ کرد

بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتوون، کاتژمێرەکانی سەرەتایی دەسپێکی ئەم شانۆیە، بە بێ بوونی خەڵک لە بنکەکانی دەنگدان دەستی پێ کردووە و ڕێژیم هەوڵی داوە هێزەکانی خۆی لە بنکەکان جێگیر بکات

لە بۆکان، سالۆنی سیمۆرغ، مەدرەسەی ئەندێشە، پەروەردە و بارهێنان، مەدرەسەی سەیفی، خیابانی ئەبووزەڕ، قوتابخانەی دواناوەندیی حکمەت لە شەقامی بێکەس، مزگەوتی قەڵای سەردار "جامیعە"ی بۆکان، میراوا، مزگەوتی کەرێزە، تاکوو ئێستا چۆڵن و خەڵک بەشدارییان لەم شانۆیەدا نەکردووە

لە مەهاباد لە باغی شایگان و میدانی حەیوانان، مزگەوتی شاریکەندی، قوتابخانەی حەسەنزاده مزگەوتی شاریکەندی بنکەکانی دەنگدان چۆڵن

لە دوای کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکۆماری ڕێژیم لە ٣٠ی بانەمەڕی ئەمساڵدا، بەرپرسانی ڕێژیم بڕیاریان دا کە لە ڕۆژ ٨ی پووشپەڕدا خولێكی نوێی شانۆی هەڵبژاردنەکان بە مەبەستی دیاریکردنی سەرۆکۆماری نوێ بەڕێوە ببەن

لە ماوەی ڕابردوودا زۆربەی لایەنە سیاسییەکان، بنەماڵە مافخوازەکان، بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، چالاکانی مەدەنی و بەندکراوانی سیاسی و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوی جۆراوجۆر داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ڕێژیم، بە چەشنی شانۆی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو بایکۆت بکەن و بەشداری لەم شانۆیەدا نەکەن

بەپێی زانیارییەکان هەتا ئێستا لە پارێزگای ورمێ، لە گەلی بەراندێز و گەلی قاسملوو بنکەکانی دەنگدان چۆڵن.

لە پیرانشاریش بنکەکانی دەنگدان لە کۆنەخانێ، مەدرەسەی شەبانەڕووزی، مزگەوتی ئەنسار، مزگەوتی دارولقورئان، مەدرەسەی شۆرا، مزگەوتی جامعەی کۆن  چۆڵن.

لە میاندواویش، ناوەندی شار و ستادی سەرەكیی هەڵبژاردن چۆڵن و خەڵک نەچوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

 

ئەم هەواڵە نوێ ئەکرێتەوە