کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەنگدانەوەی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە میدیاکانی جیهاندا

11:52 - 8 پووشپەڕ 2724

بە دەستپێکی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران، ژمارەیەک لە میدیاکانی جیهان سەرنجیان خستووەتە سەر ئەو بابەتە و لە نێویاندا ڕۆژنامەی "واشنگتۆن پۆست" نووسیویەتی: بۆ ئاخوندەکانی دەسەڵاتداری ئێران، هەڵبژاردن بە بەشداریی باڵای دەنگدەران بۆ سەقامگیری و ڕەوایی ڕێژیم گرینگە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ئەمڕۆ هەینی ٨ی پووشپەڕ، بڵاوی کردەوە، خەڵکی ئێران لەنێو گرووپێکی کۆنتڕۆڵکراوی پێکهاتوو لە چوار بەربژێری دڵسۆز بە خامنەیی دەنگ دەدەن.

ڕۆیتێرز وتوویەتی: ''لە دۆخێکدا کە پێناچێت ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا بهێنێتە ئاراوە، ئەنجامەکەی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر جێنشینی عەلی خامنەیی هەبێت.''

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم هەواڵدەرییە، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی قەیرانی ڕەوایی کە بەهۆی ناڕەزایی گشتی لە کێشە ئابوورییەکان و سنووردارکردنی ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە هاتووەتە ئاراوە، داوای کردووە خەڵکێکی زۆر بەشداری بکەن.

هەواڵدەریی ''ئاسۆشیتێدپرێس'' بە ئاماژەدان بە کێشەی ئابووری، ناڕەزایەتیی بەربڵاو و گرژی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نووسیویەتی: ''بە لەبەرچاوگرتنی کەمیی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، هێشتا ڕوون نییە کە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا چەندە دەبێت.''

هەروەها ڕۆژنامەی ''گاردیەن"ی بریتانیا نووسیویەتی: "چاوەڕوان دەکرێت میلیۆنان کەس بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن، کە پێیان وایە لەلایەن ڕێژێمەوە بۆ نیشاندانی وەفاداریی خەڵک بە کۆماری ئیسلامی ساختەکاری دەکرێت."

ئەم ڕۆژنامەیە نووسیویەتی: ''ڕێبەرانی ئێران دەیانەوێت ڕەوایی خۆیان دوای دابەزینی بەردەوامی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو کە گەیشتە خاڵی قەیراناوی بەدەست بێننەوە.