کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێزگرتنی پارلەمانی ڤییەن لە شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی

13:48 - 8 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی پینجشەممە ٧ی پووشپەڕ، پارلەمانی ئیالەتی ڤییەن، بە زۆرینەی دەنگەوە بڕیاری دا بەبۆنەی ٣٥ ساڵەی شەهیدانی ڤییەن و بو بەرزڕاگرتنی یادی دوکتور قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ، دارێک لە پاركی شاردا بچێندرێت.

ئەم بڕیارەی پارلەمانی ئیالەتی ڤییەن بە هەوڵ و تێكۆشانی پارتی سەوزی ئوتریش و ژنە كوردی تێكوشەر بێرێڤان ئەسلان ئەندامی پارلەمان و بە پشتگیریی پارتی سۆسیال دێموكرات گەیشتە ئاكام.

بێریڤان ئەسلان لە پارلمانی ئیالەتی ڤییەن لەوبارەوە وتی: ''ئەم کارە سەمبولیكە، ڕێزدانانێكە بو ئەو شەهیدانەی کە بۆ وەدیهێنانی ئاشتی هاتبوونە ڤییەن، بەڵام بە دەستی ڕێژیمی ئێران تێرۆر كران."

ناوبراو هەروەها وتی: ''زۆر جێگای شەرمە كە تێرۆریستان دەسبەسەر نەكران و بە ئێسكورتی پولیسەوە نێردانە فڕۆكەخانە و بو ئێران بەڕێ كرانەوە.''

 ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری ناوداری گەلی کورد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، له‌سەر مێزی وتووێژ لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، هاوڕێ لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ، تێرۆر کران.