کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا: خوێ بە برینی ئێمەدا مەکەن

13:51 - 8 پووشپەڕ 2724

دەیان کەس لە بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لە کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هاوپێچ لەگەڵ وێنەی خوێناویی ئازیزەکانیان وێڕای بایکۆتی هەڵبژاردنەکان داوایان لە خەڵک کرد کە قامک لە خوێنی منداڵەکانیان نەکەن و ئەم سەپاندن(ئینتسابات)ە بایکۆت بکەن.

ئەو بنەماڵانە وتوویانە جیاوازییەک لەنێوان بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازدا نییە و لە دەسەڵاتدارێتیی هەردووکیاندا منداڵەکانیان کوژراون، چونکە ئامانج پاراستنی نیزامی لاوکوژ و ژنکوژە.

ئەوان لە کۆتاییدا وتوویانە: ''لە ڕەوتی بزووتنەوەکاندا منداڵەکانیان لە ڕێگای ئازادیدا کوژراون و ئێستا لەگەڵ خەڵک بن و بە حکوومەت بڵێن "نا" و زامی دڵی ئێمە زیاتر مەکەن.''

هەروەها لە دەقی بەیاننامەی ئەو بنەماڵانەدا هاتووە: ''بە هەر دەنگێک، گولـلەکان سینگی منداڵەکانمان هەڵدەدڕن و هاوبەشی کوشتنی منداڵەکانمان دەبین.''

بنەماڵەی شەهیدانی بزوتنەوەی ژینا لە ئینستاگرامی خۆیان یان ئێکاونتەکانی پێوەندیدار بە شەهیدان دەقی بەیاننامەکەیان لەگەڵ وێنەی ئازیزەکانیان بڵاو کردووەتەوە و هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیە لەلایەن بنەماڵەکانەوە درێژەی هەیە.