کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی ئێرانییانی نیشتەجێ لە وڵاتانی ڕۆژاوایی لە بەردەم بنکەکانی دەنگدانی ڕێژیم

16:41 - 8 پووشپەڕ 2724

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێران، ئێرانییانی نیشتەجێ لە وڵاتانی ڕۆژاوایی لە چەندین وڵات لە بەردەم کۆنسولخانە و بنکەکانی دەنگدان دژی کۆماری ئیسلامی و شانۆی هەڵبژاردنەکان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ، ئێرانییانی نیشتەجێ لە وڵاتانی بریتانیا، ئاڵمان، ئوسترالیا، نیووزلەند دژی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

خۆپیشاندەران لە لەندەن سەبارەت بە هەڵبژاردن و دەنگدەران ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و دروشمی وەکوو ''بێ شەرەف و نەمان بۆ خامنەیی''یان دەربڕی.

کۆمەڵێک لە ئێرانییان و لایەن سیاسییەکانی دانیشتووی ئاڵمان ڕۆژی هەینی لە بەردەم کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە هامبۆرگ کۆ بوونەوە و خۆپیشاندەران خوازیاری ئەوە بوون کە شانۆی هەڵبژاردنەکان لەلایەن هەموو ئێرانییەکانەوە بایکۆت بکرێت.

ژمارەیەک لە برینداربووانی بزووتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی''ش لەم گردبوونەوەیەدا ئامادەن.

لە وڵاتی ئوسترالیا لە شارەکانی سیندنی و کابنێرا خۆپیشاندەران بە دروشمی ''نەمان بۆ تەواویەتی ڕێژیم'' و ''سوێند بە خوێنی یاران، هەتا کۆتایی خۆ ڕادەگرین'' خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

خۆپیشاندەرانی لە کۆبوونەوەدا وێنەی کوژراوانی خۆپیشاندەران و زیندانییانی سیاسییان نمایش دا.

کۆمەڵێک لە ئیرانییانی دانیشتووی نیووزلەند لە شاری ئۆکلەند لە بەردەم یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی کۆماری ئیسلامی کۆ بوونەوە و بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەنگدەران ناڕەزایەتیان دەربڕی.

جێگەی ئاماژەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناڕەزایەتیی ئێرانییەکانی دانیشتووی ئوسترالیا بووەتە هۆی ئەوەی شوێنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران لە سیدنی و بریزبێن بگۆڕدرێت.