کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنەکان لە کەمترین ئاستی خۆیدا بوو

10:25 - 9 پووشپەڕ 2724

سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سێ جار ماوەی بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمارییان درێژ کردەوە، بەڵام بەشداریی خەڵک لەم شانۆیە لە کەمترین ئاستی خۆیدا بوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەم شانۆیەدا بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتبوون، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە بنکەکانی دەنگدان زۆر کەم بووە و ڕێژیم بە مەبەستی قەرەباڵغ نیشاندانی بنکەکان، کەڵکی لە مۆرەکانی خۆی وەرگرتووە.

بەپێی وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بنکەکانی دەنگدان چۆڵ بوون و خەڵک پێشوازییەکی گەرمیان لە سیایەتی بایکۆتی ئەم خولە لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ڕێژیم کرد.

بەرپرسانی ڕێژیم بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان فرتوفێڵی زۆریان بەکار برد بۆ نموونە هەوڵیان دا بە بردنی سندووقەکانی دەنگدان بۆ باخ و مەزرای خەڵک و گوندەکان، بە هەر شێوازێک بووە ڕێژەی دەنگدانەکە بەرز بکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو کرانەوە، بەرپرسانی ڕێژیم بە هەڕەشەکردن لە خەڵک و بەتایبەتیش خوێندکاران هەوڵیان دا پرۆسەی دەنگدانەکە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی بشکێننەوە.

لە زانکۆکانی سنە سندووقی دەنگدان دانرابوو بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە خوێندکاران بەشدارییان لەم شانۆیەدا کرد.

لەلایەکی دیکەشەوە لە هەندێک لە شارەکاندا و لەوانە لە مەهاباد بە جێگیرکردنی هێزی یەگان ویژە و لیباس شەخسی کەشوهەوایەکی ئەمنییەتییەکان دروست کردبوو.

لە زۆربەی بنکەکانی دەنگداندا، بە هۆی کەمیی ڕێژەی بەشداریی خەڵک، هەوڵ درابوو کە بە جێگیرکردنی مۆرەکانی ڕێژیم، شانۆی هەڵبژاردنەکان بە گەرموگوڕی نیشان بدرێ.

خەڵکی کوردستان بە کۆدەنگییەکی تەواو، بەشدارییان لەم شانۆیەدا نەکرد و بە پیر بانگەوازی بنەماڵەی شەهیدان، بەندکراوانی سیاسی و لایەنە سیاسییەکانەوە و چوون و بە بایکۆتی ئەم شانۆیە، جارێکی دیکە "نا"یەکی گەورەیان بە ڕێژیم وتەوە.

چواردەیەمین خولی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ڕێژیم دوابەدوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی و بە مەبەستی دیاریکردنی سەرۆکۆماری نوێ لە ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕی ئەمساڵدا بەڕێوە چوو کە بەپێی ئامارەکان و سەرەڕای پڕوپاگەندەی زۆری ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی ئەم شانۆیە، کەمترین ڕێژەی بەشداریی خەڵکی تۆمار کردووە.