کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا بە هۆی دابینکردنی دارایی بۆ حەماس شەش کەس و سێ دامەزراوەی سزا دا

11:26 - 9 پووشپەڕ 2724

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرانسە، یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ ڕایگەیاند گەمارۆی بە سەر ٦ کەس و ٣ دامەزراوەی تاوانبار بە دابینکردنی دارایی و ئاسانکاری کردن بۆ کردەوە توندوتیژەکانی گرووپی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستین داناوە.

یەکیەتیی ئورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم سزایانە بەسەر سێ کۆمپانیادا سەپێنراون کە مەبەستیان ئاسانکاری بۆ دابینکردنی دارایی گرووپی حەماس لەژێر دەستی بازرگانێک لە سوودان بووە.

هەروەها ئەو بازرگانە بە ناوی ئەحمەد شەریف عەبدوڵڵا عودە پێشتریش بە تۆمەتی پشتیوانیی دارایی بۆ چالاکییە تێرۆریستییەکانی گرووپی حەماس بە لیستی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا زیاد کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەرانسە، ناوی عەلی مورشێد شیرازی ئەندامی سپای پاسدارانی ئێرانیش لە لیستی سزا نوێیەکانی یەکیەتیی ئورووپادایە.

یەکیەتیی ئورووپا، لەگەڵ ڕاگەیاندنی سزاکانی ئەمجارە لە دژی ئەو کەس و دامەزراوانەی کە تاوانبار بە دابینکردنی دارایی گرووپی حەماسن، ڕایگەیاند کە کۆی گشتیی ١٢ کەس و سێ  دامەزراوەی سه‌ر به‌ حه‌ماس خراونەتە ناو لیستی سزاکانی یەکیەتیی ئوروپاوە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ئورووپادا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەروەت و سامانی ئەو کەس و دامەزراوانە کە لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە سزا دراون، بەستراون و گەشتکردنی ئەو کەسانەش بۆ یەکیەتیی ئورووپاش قەدەغە کراوە.