کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی مەریوان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە

11:56 - 9 پووشپەڕ 2724

بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ دارستانەکانی ناوچە جیاوازەکانی مەریوان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە ئاگریان تێ بەردراوە.

بەم پێیە دوێنێ دارستانەکانی نێوان گوندەکانی ڕەشەدێ و ئەسراوا، دارستانەکانی گوندەکانی دەری و شێخە کوێرە، دارستانەکانی نێوان سێ گوندی بەردی سپی، شێخ عەتار و وەنینە و هەروەها دارستانەکانی گوندی پیرانەکۆن لەگەڵ دارستانەکانی پشت گەڕەکی کوورەی مووسەویی مەریوان لەلایەن ئەم کەسانەوە ئاگریان تێ بەردراوە و خەسارێکی دیکەی بە سرووشتی ناوچەکە گەیاندووە.

بەپێی هەواڵ و گرتە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە، چالاکانی ژینگەیی و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان پاش هەوڵێکی زۆر و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئاگرەکان، توانیویانە پێش بە پەرەی زیاتری ئاگرەکە بگرن و کۆنتڕۆڵی بکەن.

سیاسەتی سووتاندن و بەتاڵانبردنی سروشتی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە بەشێوەی ڕۆژانە و لە ڕێگەی دەستوپیوەندییەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکانی ژینگەی بەدەستی بەتاڵ لەگەڵ ئەم کاولکارییانەی ڕێژیم، چەند چالاکێکی ژینگەیی وەک موختار خەندانی، یاسین کەریمی، بیلال ئەمینی، شەریف باجوەر و ئومید کۆنەپۆشی گیانی خۆیان لە ڕێگەی پاراستنی ژینگەی کوردستان بەخت کرد و شەهید بوون.

شایانی باسە کە دوێنێ ٨ی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی سێ ئەندامی ئەنجومەنی ژیوای پاوە بوو کە لە ڕەوتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی بۆزین و مەڕەخێڵ لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی گیانی خۆیان بۆ پاراستنی ژینگەی نیشتمانەکەیان بەخت کرد.