کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێربوک: تاران پێویستە ڕێگری لە ئاڵۆزی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات

12:33 - 9 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان لە ئیکس ڕایگەیاند کە ئانالێنا بێربوک وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ عەلی باقری کەنی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هۆشداری داوە کە دەبێ ئێران ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزی و شێواندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات.

ناوبراو بە باقری ڕاگەیاندووە بە هەر نرخێک بێت دەبێ ڕێگری لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان بکرێت و دەبێ ئێرانیش هاوکارمان بێت.

ئەم داواکاری و لێدوانە لەکاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییە سەربازی و ئەمنییەکان لە سنووری ئیسرائیل و لوبنان لە ئیستادا جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و ئەگەری پەرەسەندنی ئەو گرژیانە زۆرە و شرۆڤەکاران نیگەرانی سەرهەڵدانی شەڕن.

هەروەها ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئامریکاش پێیان وایە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس خەریکە نزیکتر دەبێتەوە، و ئەگەر لە چەند حەفتەی داهاتوودا حەماس و ئیسرائیل لە غەززە نەتوانن بگەن بە ڕێکەوتنێک لە سەر ئاگربەست ئەوە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوان و شەڕێکی گەورە ڕوو دەدات.

لەم پێوەندییەدا هەرچەندە هەردوولا بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە نایانەوێت شەڕ بکەن، بەڵام بەرپرسانی باڵای ئامریکا پێیان وایە کە سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ ئەگەری شەڕ هەیە.

هەروەها بەرپرسانی ئامریکا ڕایانگەیاندووە کە ئاگربەست لە غەززە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لەسەر سنووری باکووری ئیسرائیل، بەڵام چەند مانگێکە بە نێوبژیوانی میسر و قەتەر نەیانتوانیوە ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا درووست بکەن و له‌ ئێستادا لەوە بێهیوان.

لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان و ئەو گرووپانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیان لێ دەکرێت، زۆرێک لە وڵاتان بۆ نموونە ئاڵمان هۆشداریان بە هاووڵاتیانیان داوە کە لوبنان بەجێ بهێڵن.