کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە حیزبوڵلای لوبنان

11:04 - 10 پووشپەڕ 2724

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئاکامەکانی هێرش بۆ سەر حیزبوڵلای لوبنان ڕایگەیاند کە، ڕێژیمێک کە هەڕەشەی لەنێوبردن دەکات، شایەنی لەنێوچوونە.

ئیسرائیل کاتس لەم پێوەندییەدا لە هەژماری ئیکسی خۆی نووسی: "وڵامی من بۆ کۆماری ئیسلامی ڕوونە، ئەگەر حیزبوڵلا کۆتایی بە هێرشەکانی نەهێنێت و لە باشووری لوبنان پاشەکشێ نەکات، بە هەموو هێز و تواناوە هێرش دەکەینە سەریان".

ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە هەژماری ئیکسی خۆی سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵلا هەڕەشەی کردبوو.

ئەمیرسەعید ئیرەوانی لەو پۆستەدا وێڕای هۆشداریدان نووسیبووی: "ئەگەر ئیسرائیل هێرشێکی گەورە و هەمەلایەنە بکاتە سەر حیزبوڵلا، شەڕێک ڕوو ئەدات کە شەڕی لەنێوچوونە".

پاش دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو هاووڵاتییانی ئیسرائیلیی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ لوبنان، بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵاوە ماڵەکانیان بەجێ هێشتووە.

لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لەو کاتەوە بە دەیان جار ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر حیزبوڵلا کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچانە نەهێنێت و لەسەر سنوورەکانی باشووری لوبنان پاشەکشێ نەکات، ئەوە ئیسرائیل هێرشێکی قورستر لە غەززە دەکاتە سەر لوبنان.

ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی نیگەران کردووە و هەر بەم بۆنەوە دەیان جار لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی وتووێژیان کردووە تاکوو پێش بەم شەڕە بگرن.

لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی هەڕەشەی شەڕی لەنێوچوون و شەڕێکی مان و نەمان لە ئیسرائیل دەکەن، ئەگەر بیهەوێت هێرش بکاتە سەر حیزبوڵلای لوبنان.

شایانی باسە کە ئیسرائیل پێشتر نیشانی داوە کە لەهەمبەر هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییانی خۆی هیچ گومان و دوودڵییەکی نییە و بەشێوەیەکی جیددی وڵامی هەڕەشەکان ئەداتەوە.