کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەبێژێکی زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی نۆژین لە زیندانی سنە ئازاد کرا

11:44 - 10 پووشپەڕ 2724

سەیوان ئیبراهیمی، وانەبێژی زمانی کوردی و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی ''نۆژین'' لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

سەیوان ئیبراهیمی لە پێوەندی لەگەڵ ئازادبوونی لە زیندانی سنە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی: دوای ڕاگەیاندنی ئەوەیکە ئەو زیندانییانەی کە کەمتر لە ٦ مانگ ماوەی بەندکرانیان ماوە، لە زیندان ئازاد دەبن، لە بەندی زندانییە سیاسییەکان من و بەندکراوێکی دیکە لە زیندانی سنە ئازاد بووین و بەو شێوەیە ماوەی بەندکرانی یەک ساڵەی من کۆتایی پێهات.''

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ بەمەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی ئێران لە دادگای پێداچوونەوە هەڵوەشاوەتەوە و ئەو تۆمەتەی لەسەر لابراوە و حوکمی ساڵێک بەندکرانی بە تۆمەتی تەبلیغات دژی نیزام بۆ ٨ مانگ کەم کراوەتەوە.

سەیوان ئیبراهیمی، مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی ''تێکدانی نەزمی گشتی"، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی سنەوە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری، دوورخرانەوە بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کرا و ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەز، حوکمی زیندان و قامچیی ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی نۆژین، لە لقی ١٢ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەدا پشتڕاست کرایەوە و حوکمی دوورخرانەوەکەشی بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان هەڵوەشایەوە.

سەیوان ئیبراهیمی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، سەیوان ئیبراهیمی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندان ئازاد کرا.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١یش، سەیوان ئیبراهیمی لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوسەرەکەی، زارا محەممەدی، لە دادگای ئینقلابی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠١ بە کەفاڵەت ئازاد کرا.