کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوە و سووتاندنی دارستانەکانی کرماشان ڕێکۆردی ٢٠ی ساڵەی شکاندووە

11:54 - 10 پووشپەڕ 2724

ڕۆژنامەی "باختەر" سەر بە ڕێژیمی ئێران لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکان و سووتاندنی دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەکانی کرماشان بڵاوی کردەوە کە ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵ لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێکوردی شکاندووە و زۆرترین ڕێژەی هەبووە.

ئەو ڕۆژنامەیە لە زاری فەرماندەی یەکەی پاراستنی ژینگەی کرماشان بڵاوی کردووەتەوە کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان لەم پارێزگایە خودی خەڵک و نەپاراستنی ژینگە لە لایەن خۆیانەوە بووە.

ناوبرا بە ئاماژەدان بەوەی کە لە بەهاری ئەمساڵدا ٩ ئاگر لە ژینگەی ئەو پارێزگایە ڕووی داوە، ڕایگەیاند کە قەبارەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە ٩٥٧ هێکتار بووە، کە ئەمەش لە ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵدا ڕیکۆردی ژمارەی ئاگرکەوتنەوە لە ژینگەی پارێزگاکەی شکاندووە.

هەروەها لە ناوچەکانی "بۆزین و مەرەخێڵ" بە ڕووبەری نزیکەی ٩٠٠ هێکتار و لە ناوچەی قەڵاجە و ناوچەی پارێزراوی بێستوون و هەروەها لە ناوچەی شیاکۆ زۆرترین ڕووبەری دارستانەکان سووتاون.

لە دەستپێکی مانگی پووشپەرەوە تا ئێستا نزیک بە سێ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕووی داوە کە هەر جار زیاتر لە ١٧٠ هێکتار لە دارستانەکان سووتاون.

ناوبراو لە ئیدعاکانی چەندین جار جەختی لەوە کردەوە کە هۆکاری ئەو سووتاندن و ئاگرکەوتنەوانە مرۆڤین و خەڵک خۆیان دارستانەکان دەسووتێنن و ئەگەری هەیە کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا ئەو ڕێژەیە زۆرتریش ببێ.

ڕێژیمی ئێران ساڵانە بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامەداڕێژراو دارستانەکانی زاگرۆس لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانی خۆیەوە دەسووتێنێ و بووەتە هۆکاری کاولکردن و لە ناوبردنی سامانی سرووشتیی خەڵک کوردستان و لەناوبردنی هەزاران جۆرە گیاندار و ڕووەکەکانی کوردستان.

بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم بەم شێوەیە و بێ شەرمانە لە میدیا و ڕۆژنامەکانی خۆیان هۆکاری ئەو کاولکارییانە وە ئەستۆی خەڵکی دەخەن و خۆیان بە پارێزەر و دڵسۆزی ژینگەی کوردستان نیشان دەدەن.

بەڵام شایانی باسە کە ساڵانێکی زۆرە پیلان و ئیدعا و چەواشەکارییەکانی ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانی بۆ خەڵک بەتایبەتی خەڵکی کوردستان ئاشکرا بووە.

ئەو خەڵکەی کە ڕێژیم ئیدعا دەکات خۆیان دارستانەکان دەسووتێنن لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکان بە دەستی بەتاڵ بە شەو و ڕۆژ گیان لەسەردەست  بە ژن و پیاو و منداڵەوە ئاگرەکان کونترۆڵ دەکەن و له‌و ڕێگه‌یه‌دا چه‌ندین كه‌س شه‌هید بوون و گیانی خۆیان پێشكه‌ش به‌ ژینگه‌ی كوردستان كردووه‌.