کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی بەندییە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

10:47 - 12 جۆزەردان 2724

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بۆنەی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی بەندییە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

بەندییە سیاسییە تێکۆشەرەکان!

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاویدا جینایەتێکی گەورەی دەرحەق بە خەڵکی خەباتکار و مافخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوڵقاند. ئەمڕۆ ٤١ ساڵ لە جینایەتی سامناکی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی خەڵکی شاری مەهاباد ڕادەبرێت، بەڵام ئەم ڕووداوە وەک تاوانێکی گەورە بە تەوێڵی کۆماری ئیسلامی و بەڵگەی قوربانیبوونی کورد لە بیر و زەینی خەڵکی کوردستاندا هەروا بە زیندوویی ماوەتەوە.

ئەو ٥٩ لاوەی لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا گوللـەباران کران، جگە لە کورد بوون تاوانێکی دیکەیان نەبوو، هەروەها بەشێک لەوان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ و قوتابیی خوێندگەکان بوون. ئەوان لە دادگایەکی سەحرایی و بێ‌ ئەوەی تاوانێکیان کردبێت و تەنانەت مافی بەرگریکردن لە خۆیان هەبێت، سزای زاڵمانەی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرا و بەکۆمەڵ گوللـەباران کران. غەدری لەوەش گەورەتر و برینی لەوە بەئێشتر ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان و بنەماڵەکانی  ئەو ٥٩ لاوە شەهیدە دوای تێپەرینی ٤١ ساڵ ئێستاش کەمترین زانیارییان لە وردەکاریی لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان و چارەنووسی تەرمەکانیان نییە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای زیاتر لە چوار دەیە لە ئێعدام و گۆڕبزرکردنی ئەو شەهیدانە، ئێستاش لە تاوان و جینایەتەکانی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی و مافخوازانەی کوردستان بەردەوامە و بەدرێژایی تەمەنی هەتا ئێستا و بە مەبەستی بەچۆکداهێنانی جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بە هەزاران بەندکراوی سیاسیی دیکەی کوردی ئێعدام کردووە. بەڵام نە گرتن و ئەشکەنجەدانی بەندییە سیاسییەکان و نە هەڵخستنی پەت و سێدارە چۆکی بە ئیرادە و بزووتنەوەی سیاسی-نەتەویی کورد دانەدا، بگرە لە هەموو ئەو ماوەیەدا بەندیخانەکانی ڕێژیم مەتەرێزێکی لەگیراننەهاتووی ئیرادە و خەباتگێڕیی ڕۆڵەکانی کورد بوون. بەردەوامیی بزووتنەوەی ژینا لە دوو ساڵی ڕابردوودا کە بە تێچووی قورسی شەهیدبوون و برینداربوونی سەدان ڕۆڵەی کورد و گرتن و حوکمدانی هەزاران بەندیی سیاسی درێژەی هەیە، بەڵگەیەکی دیکە بۆ خەبات و خۆڕاگریی ڕۆڵەکانی کورد لە دژی دەسەڵاتی پەت و سێدارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.

زیندانییانی سیاسیی تێکۆشەر و خۆڕاگر!

یادی ٤١ ساڵەی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوەکەی مەهاباد لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی هاوکاتە لەگەڵ ڕووداوی کوژرانی برایم ڕەئیسی، سەرکۆماری ڕێژیم و چەند بەرپرسی جینایەتکاری دیکەی هاوڕێی لە ڕووداوی بەربوونەوەی هێلی‌کۆپتێرەکەیاندا.

ئیبڕاهیم ڕەئیسی کە لەو ڕووداوەدا کوژرا، یەک لە بکوژانی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە دەستی بە ئێعدام زیندانییانی سیاسی و کوشتنی جیابیران کردبوو. ئەو یەکێک بوو لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ کە لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا بە هەزاران بەندکراوی سیاسییان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا کۆمەڵکوژ کرد. ڕەئیسیی جەلاد دواتر و لە بەرپرسایەتییەکانی دیکەشیدا لە تاوان و جینایەتەکانی بەردەوام بوو، و کوژرانی ژینا ئەمینیی بێ‌تاوان و سەرکوتی خوێناویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە دوو ساڵی ڕابردوودا -کە سەدان خۆپێشاندەری تێدا کوژرا و بە هەزاران کەس خرانە بەندیخانەوە و زۆر لەوان لەسێدارە دران- لە دەوڵەتی ئەودا و بە بڕیاری ڕاستەوخۆی ئەو کران. بۆیە حەق وابوو ڕەئیسی و بکوژان و جەللادەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ڕادەستی دادگا بکرێن و لە سۆنگەی تاوان و جینایەتەکانیان سزای کردەوەکانیان وەربگرن، بەڵام بێدەرەتانیی خەڵک و نەبوونی دادپه‌روه‌ری له‌ كۆماری ئیسلامیدا ئەو مافەشی لە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران زەوت کردوە و هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بوو خەڵک سەبارەت بەو ڕووداوە لە‌ ناچاری هەرنەبێ شایی و خۆشییان له‌دڵدا بگه‌ڕێ.

خەڵكی تێکۆشەری کوردستان!

ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی ئێعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد کە هاوکات وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناودێر کراوە، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لەم ڕۆژەدا بە ڕێزەوە یادی هەموو بەندییە سیاسییەکانی کوردستان بەرز ڕابگرین کە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی دیکتاتوریی کۆماری ئیسلامیدا بە پێشکەشکردنی گیان و ژیانیان و خۆڕاگرییان لەژێر ئەشکەنجەدا و تێپەڕینی تەمەنیان لە پشت میلەکانی زیندانەوە سەری خۆیان و خەباتی نەتەوەکەیان بەرز ڕاگرتوە.

هیوادارین ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان، ببێتە بۆنەیەک بۆ ئەوەی هەموو لایەک بەرامبەر بە  بەندییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان، هەست بە بەرپرسایەتیی زیاتر بکەین.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخوازێ لە ئێستادا پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ بەندییە سیاسییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان بەهێزتر ببێت و لە هەمان کاتدا خەڵک دەرحەق بە بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵەکانیان پتر ئەرکدار ببن.

بەرز و بەڕێز بێ یادی شەهیدانی ١٢ ی جۆزەردان و سەرجەم بەندییە سیاسییەکانی قوربانیی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی!

سەرکەوێ بزووتنەوی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتی دژ بە دیکتاتۆری لە سەرانسەری ئێراندا 

بەڕێز بێت ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

 

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی

١ی ژۆئەنی ٢٠٢٤ی زایینی