کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی سپای پاسداران لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر حەلەب کوژرا

10:25 - 15 جۆزەردان 2724

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی سەعید ئابیار لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر شارەکی حەیان لە باکووری ڕۆژاوای پارێزگای حەلەب کوژراوە.

لە ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێراندا ئەم کەسە وەک "ڕاوێژکاری سەربازی" لە سووریە ناسێندرا، بەڵام پلە سەربازییەکەی باس نەکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤ، لەم هێرشەدا بۆ سەر حەلەب لانیکەم ١٦ کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون و هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئامانجی هێرشەکە کارخانەیەکی تواندنەوەی مس بووە کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بووە.

دەوڵەتی ئیسرائیل بە گشتی هێرشەکانی بۆسەر سووریە پشتڕاست یان ڕەتی ناکاتەوە، بەڵام میدیاکانی زۆرجار ڕایدەگەیەنن کە ئەرتەشی ئیسرائیل لەپشت ئەم هێرشانەوە بووە.

لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریەوە لە ساڵی ٢٠١١، ئیسرائیل سەدان هێرشی بۆ سەر سووریە ئەنجام داوە، کە لە زۆربەیاندا ئەو گرووپانەیان کردووەتە ئامانج کە لەژێر پشتیوانیی ئێراندان.

ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات ئێران لە سووریە چالاکی بکات. بەڵام ئێران باس لەوه دەکات که چالاکیی ڕاوێژکاریی له سووریە هەیه و هێزەکانی له سووریە لەسەر بانگهێشتی دەوڵەتی بەشار ئەسەد حزووریان هەیە.