کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا سەبارەت بە سنوور بەزاندنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی نیگەرانی دەربڕی

10:52 - 15 جۆزەردان 2724

ئابرام پیلی، جێگری تایبەتی نوێنەری ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیدارەکەی لەگەڵ چالاکانی ئێران، نیگەرانیی خۆی لە سنووربەزاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتکردنی نەیارانی دەربڕی.

ئابرام پیلی، ڕۆژی دووشەممە ١٤ جۆزەردان، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیمی ئێران دەربڕی و داوای ڕاگرتنی ئەو سەرکوتانەی کرد.

سیامەک ئارام، بەڕێوەبەری "گرووپی یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێران"، پێشتر لە ٥ی جۆزەردان بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی ناڕەزایەتیی دەربڕی و باسی لەوە کرد کە بەشێک لە بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمە هەڕەشەی کوشتنیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

حەفتەی ڕابردوو بە ئاماژەدان بەم ڕووداوانە، ئابرام پیلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نووسیبووی، بە بینینی ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە هێرشەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئەو خۆپیشاندەرانە کە دەستیان بە کۆبوونەوەی ئاشتییانە کردووە لە سەرانسەری جیهان و هەڕەشەکانیان نیگەرانم.

لەو پێوەندیەدا، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، کۆماری ئیسلامیی بە یەکێک لە حکوومەتە سەرکوتکەرەکانی جیهان لە بواری ئازادیی ڕاگەیاندن زانیوە و ئێرانی لە ڕیزبەندی ١٨٠ وڵاتی جیهان لە ڕووی ئازادیی ڕادەربڕین لە پلەی ١٧٧ داناوە.