کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنیاری بڕیارنامەیەک بە دژی بەرنامە ناوکییەی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ٣ زلهێزی ئورووپاوە

10:56 - 15 جۆزەردان 2724

سێ وڵاتی ئورووپایی پێشنووسی بڕیارنامەی دژ بە بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامییان پێشکەشی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، بریتانیا و ئاڵمان و فەرانسە لەم پێشنووسەدا داوایان کردووە تاکوو کۆماری ئیسلامی بەتەواوی هاوکاریی ئاژانس بکات و ڕێگە بدات تاکوو ئاژانس بەپێی پێویستی لە سایتەکان نموونە هەڵبگرێت و هەروەها ڕێگە بە چاوەدێرانی باڵای ئاژانس بدات تاکوو بچنە ئێرانەوە.

ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە کە سێ وڵاتی ئاماژەپێکراو لە پێشنووسەکەدا بۆ جارێکی دیکە داوای ڕوونکردنەوەیان لە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دۆزینەوەی ماددە ناوکییەکان لە چەند سایتی ڕانەگەیندراوی ئێران، کردووە.

تاران لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە تاکوو ئێستا ئەم پرسیارانەی بێوڵام هێشتوونەتەوە.

لەبەشێکی دیکەی پێشنووسەکەدا هاتووە کە ئەگەر تاران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس دەست پێ نەکاتەوە، ڕافائێل گرووسی سکرتێری گشتیی ئاژانس ڕاپۆرتێکی گشتی ئامادە دەکات تاکوو گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر بکرێت.

لەم پێوەندییەدا پێشتر هەواڵێک بڵاو کرابوویەوە کە باسی لە هاوڕانەبوونی ئەمریکا لەگەڵ ئەم سێ وڵاتە لەسەر ئەم بڕیارنامەیە کردبوو.

لەو هەواڵەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە دەوڵەتی بایدێن بە هۆی نزیکبوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمریکا نایهەوێت گوشارەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر بکات تاکوو تاران کاردانەوەیەکی نەبێت، هەرچەند کە ئەم بابەتە دواتر لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە ڕەت کرایەوە.