کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی شەمخانی سەبارەت بە پێشنووسی بڕێارنامەکەی سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان

12:11 - 15 جۆزەردان 2724

عەلی شەمخانی یاریدەدەری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پێشنووسی بڕیارنامەی سێ وڵاتی ئورووپایی بە دژی بەرنامە ناوکییەکانی ئێران کاردانەوەی نیشان دا و هەڕەشەی وڵامی جیددی و کاریگەری لێ کردوون.

عەلی شەمخانی کە بەرپرسایەتی وتووێژە ناوکییەکانی خراوەتە ئەستۆ، ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردان لە ماڵپەڕی ئیکسی خۆیدا نووسی: "ئەگەر هەندێک لە وڵاتانی ئورووپایی لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا بیانهەوێت لە دانیشتنی داهاتووی شۆرای حوکامدا بە دژی بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی بڕیار بدەن، لەگەڵ کاردانەوەی جیددی و کاریگەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕووبەڕوو دەبن".

شەمخانی لە نووسراوەکەیدا ئەم سێ وڵاتەی بە وڵاتانی تێنەگەیشتوو ناو بردووە.

سێ دیپلۆمات بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە کە پێشنووسی ئەم بڕیارنامەیان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیدا، هاوبەش کردووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند هەواڵی پشتڕاستنەکراو سەبارەت بە بەرپرسکردنی شەمخانی لە وتووێژە ناوکییەکاندا بڵاو بوویەوە کە ئێستا بەم هەڵوێستگرتنە لەلایەن ناوبراوەوە دەردەکەوێت کە ئەم ئەرکەی پێ ئەسپێردراوە.

پێش مردنی ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، عەلی باقری کەنی جێگری سیاسی وەزیری دەرەوە بەرپرسی وتووێژەکان بوو کە لە ئێستادا تا دامەزراندنی دەوڵەتی داهاتوو بووە بە سەرپەرستی ئەم وەزارتە.

شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا ئاستی پێبەندییەکانی بە ڕێککەوتننامەکان لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، هێناوەتە خوارەوە و ماوەی سێ ساڵە کە خەریکی پیتاندنی ئورانیۆمی ٦٠ لەسەدییە.