کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا سزای خستە سەر ٦ کەس و ٣ دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی

10:50 - 12 جۆزەردان 2724

ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزەردان یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە ٩ کەس و دامەزراوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سزا داوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی یەکیەتیی ئورووپادا هاتووە کە ئەم سزایانە بە هۆی بەشداریکردنی ئەم ٦ کەس و ٣ دامەزراوەیە لە بەرنامە دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها ڕۆڵیان لە گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە و میلیشیاکان، سەپێندراوە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە محەممەدڕەزا ئاشتیانی وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداران و ئەفشین خاجەفەرد جێگری وەزیری بەرگری و بەرپرسی ڕێکخراوی "سەنایع هەوایی"ی وەزارەتی بەرگریی ئێران، سزا دراون.

ڕاگەیەندراوەکە زیادی دەکات کە "قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا"ی سپای پاسداران، شیرکەتی "کاوان ئێلێکترۆنیکی بێهراد" و بەڕێوبەر و بەرپرسی لیژنەی بەڕێوبەرییەکەی بە هۆی بەشداریکردنیان لە پەرەدان بە بەرنامە دڕۆنییەکان و هەروەها هێزی دەریایی سپای پاسداران بە هۆی گواستنەوەی دڕۆنەکان بۆ میلیشیکانی ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست، سزا دراون.

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە داراییەکانی ئەم ٦ کەس و ٣ دامەزراوەیە لە ئورووپا دادەخرێت و ڕێگە بەم کەسانە نادرێت کە سەردانی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا بکەن.

ئەم یەکیەتییە پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە بۆ لەمپەر دروستکردن  بۆ ڕووسیە دەبێت گەمارۆکان بەربڵاوتر بکرێتەوە تا بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئەو دامەزراوانەی کە یارمەتیدەری تاوانەکانی پووتین لە ئۆکرایندان، بگرێتە خۆی.